جیلان بەرجەس، ئەو ژنەی کۆتایی بەژیانی هێنا تا نەکەوێتە دەستی داعش

یەکێک لە شەهیدانی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی، جیلان بەرجەسە کە ڕەتیکردەوە سەپاندنەکان قبوڵ بکات و کۆتایی بە ژیانی هێنا.

 

 

هێڤی ئێزدا

 

شەنگال- نەوەکانی سیتیا ئێس و خاتوونە فەخرە ئازایەتی و پەیوەندیی خۆیان بە خۆرەوە بە تێچووی گیانی خۆیان نیشاندا، ئەو فەرمانەی کە دنیا کەڕ و کوێر بوو لە ئاستیدا، ژنانی ئێزدی بۆ ئەوەی نەکەونە دەست دوژمن خۆیان لەسەر بەرد و کەندەکانەوە فڕیدا و بە هاوارەکانیان بیری تاریک پەرستەکانیان ڕەتکردەوە و سەپاندنیان قبوڵ نەکرد، یەکێک لە ژنانی خۆڕاگری کۆمەڵگەی ئێزدی جیلان بەرجەس بوو، کە دەماری دەستی بڕی تا نەکەوێتە دەستی داعش و بووە نمونەی ئیرادەی ژنانی ئێزدی.

 

جیلان بەرجەس لە ساڵی ١٩٩٥ لە گوندی تلعوزێر لەدایکبووە، کاتێک داعش هێرشی کرد، خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بوو، لەگەڵ جیلان، پێنج برا و خوشکێکی کەوتنە دەست چەتەکانی داعش و کوژران و بە گشتی ٣٣ شەهیدی بنەماڵەی جیلان هەن.

 

دوێنێ لە شارۆچکەی تلعوزێر لەبەردەم ئەو پەیکەرەی بۆ یادی جیلان دروستکراوە، مەراسیمی هەشتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی جیلان بەرجەس بەڕێوەچوو، دایکی جیلان بەرجەس، شەمێ دێرۆ وتارێکی پێشکەشکرد و وتی جیلان لە منداڵیشدا هەستی بەرخۆدێری تێدابووە، "لەگەڵ جیلاندا جیهانی کچیشم کەوتە دەستی داعش و بوونە شەهیدی ئێزیدخان، من وەک کوڕ و کچی خۆم بە تەنیا نایانبینم، ئەوان منداڵی ئێزدیخانن. جیلان بە بڕینی دەستی ئێزدیبوونی ئێمەی پاراست و هەڵوێستی دروستی نیشاندا. کاتێک دەستگیرکران دەیوت مەهێڵن ئەم کەسە پیسانە دەستتان لێبدەن، ناتوانن ئێمە بکوژن، ئەگەر لێم نزیک ببنەوە، خۆم دەکوژم، جیلان قسەی خۆی جێبەجێکرد. کاتێک نێردراوە بۆ حەمام بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئەمیرێکی داعش ئامادە بکات، جیلان دەستی لە حەمامەکەدا بڕی و بەم شێوەیە دەبێتە شەهیدی ئێزدیخان".

 

دایە شەمێ دوای وتارەکەی دەستیکرد بە لاوانەوە و ناوی منداڵە شەهیدەکانی دەهێنا و حەسرەتی خۆی خستەڕوو، دواتر مۆم لە بەردەم ئەو پەیکەرەدا داگیرسێندرا کە بە ناوی جیلانەوە دروستکراوە و بەڵێنی پاراستنی بەهاکانی ئێزدیخان دووپاتکرایەوە.