ئایگول دۆکۆ لە ئاهەنگی دەرچوونەکەیدا؛ گوڵستان دۆکو لەکوێیە؟

ئایگول دۆکو، خوشکی گوڵستان دۆکو لە ئاهەنگی دەرچوونەکەیدا لە زانکۆی مونزور پرسی گوڵستان دۆکو لەکوێیە؟، بە فەرمانی ئیدارەی زانکۆ لەلایەن بەرپرسانی ئاسایشەوە دوورخرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 ماوەی ٨٨٨ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لە خوێندکاری زانکۆی مونزور، گوڵستان دۆکو وەرنەگیراوە، خێزانەکەی بەردەوامن لە پرسیارکردن لەسەر "گوڵستان دۆکو لەکوێیە؟" ئەگەر گوڵستان دۆکو بێسەروشوێن نەبووایە ئەمساڵ خوێندنی زانکۆی تەواو دەکرد و لە ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆکەیدا بەشداری دەکرد.

 

ڕێوڕەسمی دەرچوونی ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ لە زانکۆی مونزور بەڕێوەچوو، دوای پێشەکشکردنی وتاری زانکۆ، داوا لە خوێندکاران کرا کە بێن و بڕوانامەکانیان پێببەخشرێت، ئایگول دۆکو خوشکی گەورەی گوڵستان دۆکۆ ویستی بچێتە سەر سەکۆی زانکۆکە و وێنەیەکی گەورەی گوڵستان دۆکو بەرز بکاتەوە کە ئەمساڵ ساڵی تەواوکردنی زانکۆی بوو بەڵام ٨٨٨ ڕۆژە بیسەروشوێنە.

 

لەکاتی چوونی ئایگول بۆ سەر سەکۆکە بە فەرمانی بەڕێوەبەری زانکۆ، بەرپرسانی ئاسایش ڕێگەیان نەدا قسە بکات و داوایانکرد لە سەکۆکە بێتە خوارەوە، لەو کاتەدا کۆمەڵێک خوێندکار دروشمی "گوڵستان دۆکو لەکوێیە؟"یان وتەوە و ئاڵۆزییەکی کورتخایەن دروستبوو، دواتر ئایگول دۆکو لێدوانی بۆ ڕۆژنامەوانان دا.

 

لە لیدوانەکەیدا خوشکی گوڵستان دۆکو وتی: ئەگەر گوڵستان لێرە بووایە، ئەمڕۆ ئاهەنگی دەرچوونی بوو، گوڵستان نەیتوانی بڕوانامەی دیبلۆمەکەی بەدەستبهێنێت، ڕێگەیان پێنەدا، ٨٨٨ ڕۆژە لە تاریکیدا دەیهێڵنەوە، هاتووم بۆ وەرگرتنی بڕوانامەکەی گوڵستان، سەرۆکی زانکۆ و مامۆستایانیش ٥ خولەکیان بۆ گوڵستان تەرخان نەکرد، بڕوانامەی دیبلۆمی گوڵستانم پێنەدرا، بیر لە خوێندکارێکی زانکۆ بکەنەوە کە ماوەی ٨٨٨ ڕۆژە ون بووە، ماوەی ٨٨٨ ڕۆژە هەموو بەیانییەک بە ئازاری لەدەستدانی گوڵستانی خوشکم دەستپێدەکەم. سەیری زانکۆکە بکە، گوڵستان هەرگیز ون نەبووە و ئەویش ئەو جلانەی لەبەردەکرد، ٨٨٨ ڕۆژە خەون و گەنجی و داهاتووی گوڵستان دزراوە.