هەڵەبجە، پەرستارانی مامان خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا

پەرستارانی مامان لە پای هەوڵ و ماندوو بوونیان لە خزمەتکردن بە بواری تەندروستی لەلایەن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجەوە ڕیزلێنانیان پێبەخشرا.

هەڵەبجە

 

له ‌ڕۆژی جیهانی په‌رستارانی مامانیدا لە هۆڵی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی، خەڵاتی ڕێزلێنان بە ١٥ پەرستاری مامان بەخشرا، لە پای هەوڵ و ماندوو بوون و خزمەتکردنیان بە ژنانی هەڵەبجە.

 

نەسيم محەمەد ڕەزا، دکتۆری نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵ بوون لە هەڵەبجە، پیرۆزبایی خۆی لە پەرستارە مامانەکان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە مامانەکان هاوکارێکی باشی سەرجەم دکتۆرەکانن، "ئێمە ئەوان بە پشتی خۆمان دەزانین، چونکە لە ڕووی دەروونی و زانستییەوە ڕۆڵێکی باشیان هەیە لە منداڵبوون و هاوکاریکردنی کەسوکاری نەخۆشدا".

 

بیریڤان محەمەد قادر، پەرستارێکی مامانە و سوپاسی خۆی ئاڕاستەی ستافی نەخۆشخانە و هاوکارەکانی کرد و وتی: کاری ئێمە جگە لە مامانی کردن، دەستەبەرکردنی منداڵبوونی سروشتی بۆ دایک و کەسوکاری منداڵەکەیە بە ئاسانترین شێوە، بە ڕادەی پێویستیش توانیومانە لە ئاست خواستی هاوڵاتیانی هەڵەبجەدا بین بەپێی ئەو پێداویستیانەی بۆمان دابینکراوە لە نەخۆشخانە."

 

٨ی ئایار بە ڕۆژی جیهانی پەرستارانی مامان دیاریکراوە، ساڵانە لەو ڕۆژەدا خەڵات و ڕێزلێنان دەبەخشرێتە مامان و ماندووبوونیان لەبەرچاو دەگیرێت، بەو بۆنەیەشەوە، دوێنێ لە شاری هەڵەبجە ١٥ پەرستاری مامان لەلایەن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجەوە ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.