ڕۆزا ساڵح، لە پەنابەرێکەوە دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی شارێکی سکۆتلاند

ڕۆزا ساڵح، لە ساڵی ٢٠٠١دا بە پەنابەری ڕوودەکاتە وڵاتی سکۆتلەندا، دوای دەستکردن بە خوێندن چالاکانە لە بواری مافی مرۆڤ و پەنابەراندا کاردەکات، ئێستاش بووە براوەی هەڵبژاردنەکان بۆ بوونە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی گلاسگۆو.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆزا ساڵح، کوردێکی باشوری کوردستانە، لە ساڵی ١٩٨٩ لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠٠١دا بەهۆی دۆخی ناهەمواری باشوری کوردستان هاوشێوەی هەزاران کوردی دیکە کۆچ دەکەن و ڕوو لە وڵاتی سکۆتلەندا دەکەن و لە شاری گلاسگۆو نیشتەجێ دەبن.

 

ڕۆزا ساڵح دوای دەستکردن بە خوێندن لەگەڵ کۆمەڵێک کچانی خوێندنگەیدا چالاکی و خۆپیشاندان بۆ مافی پەنابەران بەڕیوەدەبەن و گروپی "کچانی گلاسکۆو" پێکدەهێنن، دواتر چالاکییەکانی بۆ پەنابەران فراوانتر کرد و خۆبەخشانە بۆ دەستبەرکردنی ژیان و مافی پەنابەران هەوڵدەدات، هەروەها تۆڕی هاوکاری سکۆتلاندی لەگەڵ کوردستان دامەزراند و وەک چالاکوانێکی مافی مرۆڤ سەردانی تورکیای کرد و پشتیوانی لە کوردانی باکوری کوردستان کرد.

 

ڕۆژی هەینی، ٦ی ئایار، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەندامی ئەنجومەنی شاری گلاسگۆو، ڕۆزا ساڵح زۆرترین دەنگی هێنا و وەک یەکەم پەنابەری وڵاتی سکۆتلەندا، توانی ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی شاری گلاسگۆو.