ژنانی ئێران، بە چەندین تۆمەتی دروستکراو ڕووبەڕووی سزا دەکرێنەوە

ژنان لە سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە، بە چەندین تۆمەت و پڕوپاگەندەی جۆراووجۆر ڕووبەڕووی سزا دەکرێنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پەریسا پەروانە، ئەندامی کۆمەڵەی فەلەکناسی ئێران لە شاری مەشهەد دەستبەسەر کرا، پەریسا کە خۆی بۆ ئۆڵۆمپیاد ئامادە دەکرد دەستگیرکرا و بەڵێنیان بە خێزانەکەی درا کە بەم زووانە ئازاد بکرێت، بەڵام تا ئێستا لەژێر دەستگیرکردندایە و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئێستای نییە.

 

پەریسا پەروانە ژنێکی گەنجی تەمەن ١٩ ساڵە، ئەندامی کۆمەڵەی فەلەکناسی ئێرانە، کە هاوکات لەگەڵ گۆڤاری فەلەکناسی هاوکاری کردووە و بەرپرسی بەڕێوەچوونی وانەکانی ئۆنلاین بووە.

 

" هونەرمەندێکی ئێران بە ٥ ساڵ زیندانی سزادرا "

شیوا شەبانی هونەرمەندی شانۆ و سینەما لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە بیانووی ئەوەی کە حکوومەت پێی دەڵێ "تێکدانی ئاسایشی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٥ ساڵ زیندانی سزادرا.

 

هەروەها سزای ٢ ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی ئەندامێتی لە گروپە سیاسییەکان و نووسین لە گۆڤار و چالاکییە مەجازییەکان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی کارکردن لە شانۆ و سینەما و ڕادیۆدا بەسەردا سەپێنراوە.

شیوا شەبانی کە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دەستگیرکرابوو، لە کۆتایی مانگدا بە کەفالەت لە زیندان ئازادکرا.

 

لە دوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمدا نازناوی باشترین ئەکتەری بەدەستهێناوە و ساڵانێکی زۆرە لە بواری شانۆ و سینەمادا چالاکە.

 

" بەهۆی وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ژنێک دەستگیرکرا "

سۆدا مەناری، خۆپیشاندەرێک کە بەبێ حیجابی ئیجباری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ی دەوتەوە و بە تەنیا لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەردەبیل دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ی دەوتەوە، دەستگیرکرا و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

 

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، سۆدا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەڵێتەوە و لەکاتێکدا ئەفسەرانی پۆلیس هەوڵی دەستگیرکردنی دەدەن، بە دەستێوەردانی خەڵک توانیویەتی هەڵبێت.