دژی سزادانی ڕۆژنامەنووسان گردبوونەوەیەک لە سلێمانی بەڕێوەچوو
دژی سزادانی ڕۆژنامەنووسان و درێژکردنەوەی ماوەی زیندانی کردنیان، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی گردبوونەوە لە دژی سزای سەر ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەڕێوەچوو.
سلێمانی- لە درێژەی کاردانەوەو ناڕەزایەتییەکان سەربارەت بە سەپاندنی سزای زیاتری زیندانی کردن بۆ سەر ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و هاوڕێکانی، ئەمڕۆ ٢١ی ئاب لە بەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە لایەن ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و ئازادیخوازانەوە دژی سزای سەپەنادنی چوار ساڵی دیکەی زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بەڕێوەچوو.
"لە کابینەی نۆیەمدا ئازادی ڕۆژنامەگەری پاشەکشەی کردووە"
لە گردبوونەوەکەدا بایەننامەیەک لە لایەن بابان جەعفەر، دەستەی داکۆکیکار لە ئازادی خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە: هیوادارین دەسەڵاتداران چاو بکەنەوە و ئەو خەتە سوورە ببینن کە تێیان پەڕاندوە، گوێ لە دەنگی ئازادیخوازان و ڕاپۆرتە جیهانییەکان بگرن، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، ئازادی ڕۆژنامەگەری کە کۆڵەکەی پێشکەوتنی هەموو کۆمەڵگەیەکە ڕووی لە پاشەکشە کردوە.
سزادانی ڕۆژنامەنووس شێروانی شێروانی و هاوڕێکانی نوێترین زنجیرەی خراپ بەکارهێنانی یاسایە دژی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان، بە جۆرێک دەستوەردانی سیاسی لەم کەیسە بە ڕوونی دیارە، ئێمەش پەیام ئاڕاستەی دادگا دەکەین کە ئەو پێشێلکارییە بوەستێنن، بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕیان بە دادگا و یاساکان بمێنێت.
"ئەنجامدانی چالاکییەکان سنوردار کراوە، بەڵام سارد نابینەوە"
ڕازاو گوڵێ، چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد، بەداخەوە دۆخی ڕۆژنامەگەری و تاک لە هەرێمی کوردستان گەشتوەتە ئاستێک کەس پارێزراو نییەو وتی: ئەم پێشێلکردنی یاسایە بەرامبەر ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ کاتی پێش ڕاپەرین، دوای ٣٠ ساڵ ئەو مێژووە خەریکە دووبارە دەبێتەوە، وایلێهاتووە ئازادیخوازانیش ناتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن و هەر چالاکییەک پەیوەندی بە سەروەر نەبوونی یاساوە هەبێت ڕێگریمان لێکراوە لە ئەنجامدانی، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ساردبوونەوەی ئێمە لە کار و چالاکییەکانمان.