"دژی گۆشەگیری بیری عەبدوڵا ئۆجالان بڵاو دەکەینەوە"

ژنانی دێرەزۆر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان شەرمەزار کرد و وتیان: بۆ هەڵوەشاندنەوەی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان، بیر و فەلسەفەی بڵاو دەکەینەوە.

زەینەب خەڵەف

 

دێرەزۆر- ئەو چالاکییانەی لە چەندین وڵات لەدژی گۆشەگیری تەواوی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکردووە بەردەوامە، چالاکییەکان داوای ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد دەکەن، ئایشە حەلەف، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی شەهید عەبود لەهدە لە دیرەزۆری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕیم ڕەوام، هاوسەرۆکی شارەوانی گەلی هەجین، لەو بارەیەوە لیدوانیان دا.

 

"ئەو هێزانەی ڕێبەر ئۆجالان دەکەنە ئامانج ئەوانەن کە دیموکراسیان ناوێت"

ئایشە حەلەف ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ئەمەش لە دەرەوەی یاسا و مرۆڤایەتییە،  پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە، وتیشی: گۆشەگیری خیانەتە لە بەها مرۆییەکان و بنەماکانی دیموکراسی، "پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالاندا، ڕێبەر ئۆجالان یەکەم ڕێبەرە کە هەموو گەلان لە ژێر سەقفێکی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا کۆبکاتەوە، تا ئێستا هیچ سەرکردەیەکی لەو جۆرەمان نەبینراوە، بە تایبەتی ئامانجی ئەو بڵاوکردنەوەی ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوانەی ڕێبەر ئۆجالان دەکەنە ئامانج ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەن کە ئازادی و دیموکراسیان ناوێت و هەوڵ دەدەن دەست بەسەر گەلدا بگرن .

 

"پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ بڵاوکردنەوەی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک"

ئایشە حەلەف ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە خۆبەڕێوەبەری زیاتر کاربکات بۆ بڵاوکردنەوەی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکی عەبدوڵا ئۆجالان وتی: گرنگترین چارەسەر بۆ کۆتایی هێنان بە چەندین قەیران و نەهێشتنی توندوتیژی و سەرکوتکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکە. لە سەرانسەری جیهاندا، مرۆڤایەتی هەمیشە بەدوای ئاشتی و ژیانی هاوبەش و پاراستنی ئازادییەکاندا دەگەڕێت، بەڵام ڕژێمە سەرمایەداری و دەسەڵاتدارەکان دژی ئەم چەمکانە دەوەستنەوە و هەوڵ دەدەن پڕۆژە دیموکراتیکەکان لەناو ببەن کە ئامانجیان پێکەوەژیانی هەموو گەلانە.

 

"بەردەوام دەبین لە بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان"

ڕیم ڕەوام، هاوسەرۆکی شارەوانی هەجین لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر ڕایگەیاند هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەشێکە لە پلانەکانی هێزەکانی جیهان بۆ شکستپێهێنانی ئیرادەی گەل،  دەوڵەتی تورک بە هۆی هێرشەوە خەڵکی ناچار کردووە کۆچ بکەن، دەیەوێت بە هێرشەکانی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک بەربەست بکات. پیلانگێڕییەکانی داگیرکاری تورکیا و دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان و گۆشەگیرییەکی خراپتر ڕێگری لە خەباتمان ناکەن، ئیدانەی گۆشەگیری دەکەین و دەڵێین کە سووربوونمان بۆ تێکۆشان بەردەوام دەبێت. بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان، بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بە وردی بڵاو دەکەینەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕیم ڕەوام داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد هەنگاو بنێن و بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.