دیدار شەهلا؛ خاوەنی پەرتوکخانەیەک بۆ گرنگی دان بە پرسەکانی ژنان

دیدار شەهلا، خاوەنی پەڕتوکخانە و ڕۆژنامەنووس دەڵێت: کارکردنم لە دونیای پەڕتوکدا تەنها خولیایەکی ٢٢ ساڵ نییە بەڵکو بەستەوەی خۆمە بە کێشەکانی خەڵکەوە، تا بتوانم خوێندنەوە بۆ کێشەکانی ژنان بکەم.

هێلین ئەحمەد

 

سلیمانی_ ئەمرۆ ٢٣ی نیسان، ڕۆژی جیهانی پەرتوکەو ژنان لە ڕێگەری خوێندنەوەو پەرتوکەکانەوە لەهەوڵی چارەسەرکردنی گرفت و بەربەستەکانی بەردەمیانن.

 

دیدار شەهلا، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە، بە هۆکاری ئەوەی لە ناو پەرتوک و ڕۆژنامەکاندا چاوی دەکاتەوە، خولیای بۆ کارکردن لە ناو پەرتوکدا زیاتر دەکات، هەر لە منداڵییەوە تا ئێستا بەردەوام کاری هەڵەچنی و وەرگێڕان و خوێندنەوەی لە ناو پەڕتوکخانەدا کردووە، چەندین پێشەنگای پەرتوکی لە خوێندنگە و زانکۆکاندا کردوەتەوە، تا ساڵی ٢٠٢٢، پەڕتوکخانەی ژینا دادەمەزرێنێت، بەڵام بە چەندین هۆکاری جیاواز لەژێر ناوی شۆڕشی ژینا ئەمینیدا، ناتوانن درێژە بە پڕۆژەی ژینا بدەن، بۆیە ڕوو لە ڕاگەیاندن و کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، تا بتوانێت لە بوارەکانی ژنان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە بارەی ژنانەوە کار بکات، لەگەڵ بەشێک لە ژنان ڕودەکەنە پڕۆژەی "شاری کتێب"، تا بتوانن پێکەوە چەندین پەرتوکخانەی جیاواز بکەنەوە، لە ئێستدا خاوەنی پەڕتوکخانەیەکە، وەک خولیایەکی منداڵی لە پەڕتوکخانەکەی ناڕوانێت، بەڵکو ئامانجی خستنەڕووی توندوتیژییەکانە کە بەرامبەر ژنان ئەمجامدەدرێت، تا بتوانێت لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەو پەڕتوکەوە کۆمەڵگە هۆشیار بکاتەوە.

 

"پەرتوکخانەی ژینا تەنها پەرتوکخانە نەبوو پڕۆژەیەکی کولتووری بوو"

دیدار شەهلا، ڕۆژنامەنووس لەو بارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە ٢٢ ساڵە لەناو پەڕتوک و خوێندنەوەی گۆڤارەکاندا دەژی، زیاتر لە سێ ساڵە لە چەندین بواری جیاواز کاری رۆژنامەنووسی ئەنجامداوە، لە بوارەکانی ژناندا کارو تێکۆشانەکانی بەردەوامی هەیە وتی: کارکردنم لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا بۆ پرسەکانی خوێندنەوەو بەدواداچوونەکان لە پەرتوک و هەبوونی پەرتوکخانەکەمدا دەگەڕێتەوە، لە تەمەنی چوار ساڵییەوە بەردەوام لە جیهانی پەرتوکدا ژیاوم، لە خێزانێکی نووسەردا چاوم بە دنیا هەڵهێناوە، بەردەوام خەریکی کاری بڵاوکراوەو چاپەمەنی بووم، ئەوکات کارەکان تەنها لەناو دەزگاکەدا نەبوو، بە هۆکاری نەبوونی کارەباو چەندین هۆکاری دکیە لە ماڵەوە دەبوو کارەکان ئەنجامبدرێت، بۆیە من لە جیهانی نووسین و پەرتوکدا ژیانم کردووە، هاوکاری خێزانەکەمم لە کارەکاندا دەکرد، لە هەمانکاتیشدا لەو سەردەمەدا پەتوکەکانی منداڵان و گەنجان سەرنجی ڕادەکێشام، شەوان بە بەردەوامی خەریکی خوێندنەوە بووم، ئەم خولیایە لەگەڵ مندا گەورەبوو، تا گەیشتمە قۆناغەکانی خوێندنی دواناوەندی و پۆلی ١٢ی ئامادەیی، لەماوەی جیاوازدا کەمێک دابڕان هەبوو، بەڵام من لە ژینگەی پەرتوکدا گەورەبووم و ئێستاش بەردەوامم، لە ڕێگەی ئەو خولیایەی هەمبووە بۆ پەەتوک، چەندین پێشەنگام بۆ خوێندکاران لە ناو خوێندنگەکاندا کردووە، لە پێشەنگا نێودەوڵەتییەکاندا بەشداریم کردووە، هەروەها هەڵەچنکردنی بابەتەکان لەگەڵ خێزانەکەمدا، لە ناو دەزگای خۆماندا ئەو پەرتوکانەی بەر لەوەی بچێتە بەر چاپ و بڵاوکردنەوە کاری هەڵەچنم بۆ ئەنجامداوە، پاشان لە دوای ساڵی ٢٠٢٢وەو، بە هاوکاری بەشێک لە گەنجان و نووسەران، پڕۆژەی پەڕتوکخانەی ژینامان بونیادنا، من سەرپەڕشتی پەڕتوکخانەم دەکرد، پڕۆژەی ژینا تەنها پەڕتوکخانەیەک نەبوو، پڕۆژەیەکی کولتووری بوو خۆی لە چوارچێوەی وۆرکشۆپ و سیمیناراتدا دەبینییەوە، بەردەوامبوو لە بەرەوپێشبردنی خوێنەران و گروپی خوێنەران بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکرد.

 

" خوێندنەوەی دەروونی و بابەتە دەرونییەکان کۆمەڵگە بەرامبەر کەیسەکانی کوشتنی ژنان تاوانبار دەکات"

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کردنەوەی پڕۆژەی ژینا، هەڵقوڵاوی بەرخۆدانی ژینا ئەمینی بوو وتی: سەروبەندی کردنەوەی پەڕتوکخانەی ژینا، دەستپیکی شۆڕشی ژینا ئەمینی بوو، بۆیە بریارماندا ناوی بنێین ژینا، بە هۆکاری ناوەکەی زوو کەوتە ناو گەنجان و خوێنەرانەوە، بەڵام پەڕتوکخانەی ژینا بە هۆی ناوەکەیەوە ئاستەنگی کارکردنمان بۆ دروست دەکرا، ماوەیەک کارکردنمان وەستا، بۆیە لە ماوەی وەستانم لە پڕۆژەی ژینا بۆ ئەوەی دورنەکەومەوە لە پەڕتوک بابەتی ژنان بریارمدا وەک ڕۆژنامەنووس لە دەزگایەکی ڕاگەیاندندا کاربکەم، پاش چەند ساڵێک دابڕان لە پەرتوکخانە کۆمەڵێک لە نووسەران و ژنان پێکەوە لە پڕۆژەی شاری کتێبدا توانیمان چەندین پەرتوکخانە لە شاری سلێمانیدا بکەیەنەوە، لە ئێستادا خاوەنی پەڕتوکخانەیەکم لە شاری کتێبدا، ڕۆژانە سەردانی پەرتوکخانەکەم دەکەم، چەندین کاری هەڵەچنی و خوێندنەوە و وەرگێڕانی بابەتەکان دەکەم.

 

هۆشیاری دژی پیاوسالاری

وتیشی: کارکردنم لە دونیای پەرتوکدا تەنها خولیایەک نییە بەڵکو بەستەوەی خۆمە بە کێشەکانی خەڵکەوە، تا بتوانم خوێندنەوە بۆ کێشەکانی ژنان بکەم، کەبنچینەی ئەو ڕەگە پیاوسالارییەی لە جیهاندا هەیە، لە ڕێگەی قاڵبونەوە لە پەڕتوکدا و خوێندنەوە بۆ بابەتەکان هۆشیاری بڵاوبکەینەوە، پێویستە لە ڕێگەی پەڕتوکەوە ڕێ لەو ڕەگە پیاوسالارییە بگرین، لە ناو پەڕتوکخانەکەدا گرنگی بەدەروناسی و کۆمەڵناسی و بایەلۆجی و چەندین بواری دیکە دراوە، کار لەسەر پرسەکانی ژنان دەکەین، بەڵام تەنها هێنانی پەڕتوک لە بارەی هۆسیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەرامبەر ژنان دادی منی نەدەدا، بۆیە زیاتر لە دووساڵە توێژینەوە و خوێندنەوەم لەسەر دەروناسی هەیە، تا بتوانم بگەمە ئەنجامی ئەوەی هۆکاری توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بۆچی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئێمە لەدواجار لە قۆناغی دەروونی جیاوازەوە هەڵقڵاوین، زۆر بەوردی کار لەسەر دەروناسییەکان دەکەم، لە ئێستدا کار لەسەر دەروناسی سکیما دەکەم، کار لەسەر میزاجەکانی مرۆڤ دەکەم، گرنگیدانم بەم بابەتانە بۆ هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی ژنان دەگەڕێتەوە، هەردەم لە خۆمم دەپرسی کوشتنەکان ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکات، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە هۆسیارکردنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان هەیە، بۆچی ژنان دەکوژرێن ئایە ئەمە سیاسەتێکی هەژموونگەرایە لە لایەن دەوڵيتانی زلهێزەوە یان ئەق؟ڵیەتی کۆمەڵگە بۆچی کاتێک ژنێک داوای مافی دەکات دەستبەجێ ڕوبەڕووی کوشتن دەبێتەوە؟، هەموو ئەمانە بونە پرس بۆمن، بۆیە بڕیارمدا لێکۆڵینەوەکانم زیاتر چڕبکەمەوە، هەروەها کوشتنەکانی ژنانیان بۆ هۆکاری باوباپیران دەگەڕاندەوە، بەڵام دەزانین کاتێک منداڵێک لە دایک دەبێت، وەک پەڕەیەکی سپی وایە خۆمان نەخشی دەکەین، دەمویست بزانم ئەو ئەقڵیەتە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، بۆم دەرکەوت دووبارە منداڵانی بێتاوانیش تۆمەتباردەکەن بە ئەقڵیەتی باوباپیرانیان.

 

" ژنان لە ڕێگەی پەرتوکەوە بە کۆمەڵگە ئاشنا دەبن"

دیدار شەهلا لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ڕۆژی جیهانی پەڕتوک، لە سەرجەم خوێنەران و نووسەران پیرۆزدەکەم، ساڵانە چالاکییەکان بۆ ڕۆژی پەرتوک بەردەوامی هەیە، لەمڕۆژەدا بەگرنگی دەزانم ژنان لە چەقبەستوویی بێنەدەرەوە، کە لەڕێگەی خوێندنەوەی پەڕتوکەوە دەتوانن خۆیان پەروەردەبکەن، بەگوێرەی ئەو ئەزموونانەی کردوومە، پێویستە ژنان لەسەر پەرتوکەکان خۆیان بە ڕێکخستن و پەروەردە بکەن، خوێندنەوەی پەڕتوک کۆمەڵگە لەو چەقبەستووی زهنیەتە دەهێنێتە دەرەوە، ژنان بە کۆمەڵگەو خۆیان ئاشنا دەکاتەوە، تاکە ئامانجی ژنان پێکەوەیە لەم گەردونەدا، خوێندنەوەی قوڵ بۆ مێژوو کۆمەڵگە بەرەو هۆشیاری دەبات، لە ڕێگەی پەڕتوکخانەکەمانەوە ئێمە بەردەوامین لە بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکان، تا بتوانین ژنان لە ڕێگەی ئێمەوە زیاتر ئاشنای پەرتوک ببن.