دەیان کەس لە کەرتی غەززە کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هێزەکانی ئیسرائیل سێ کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکان ئەنجامدا و ٤٨ کەس گیانیان لەدەستداو ٧٠ کەسیش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە سەریهەڵدا و بەھەزاران گیان لەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە، ئەمە جگە لەوەی ژێرخانی نزیکەی تەواوەتی لەناوچوون.

 

 ئەمڕۆ ٢ی ئەیلول وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی زیانبەرکەوتووانی شەڕی بەردەوام بۆ ٤٠ هەزار و ٧٨٦ کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات لە ١٠ مانگدا ٩٤ هەزار و ٢٢٤ کەسی دیکە برینداربوون.

 

وەزارەتەکە لە ڕاپۆرتی ئاماری ڕۆژانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، داگیرکەرانی ئیسرائیل سێ کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکانی کەرتی غەززە ئەنجامداوە، لەو ژمارەیەش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٨ تەرم و ٧٠ بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک لە زیانبەرکەوتووان تا ئێستاش لەژێر داروپەردوو و لەسەر ڕێگاکان، و تیمەکانی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن وبەرگری شارستانی ناتوانن دەستیان پێیان بگات.

 

هێزەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هەڵکوتانە سەر ناوچە دانیشتووەکان و ماڵە نیشتەجێبوونەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەززەیان دەستپێکرد، هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی کامپی ئەلبورێج، شەقامی سەلاحەدین، شاری ڕەفەح، نوسەیرات و دەیان خێزانیان کردە ئامانج.