دایکانی ئاشتی کوشتنی نارین و هێرشەکانی سەر مەخمووریان شەرمەزار کرد
دایکانی ئاشتی و ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی عەفرین-شەهبا، هێرشە داگیرکارییەکانی سەر کامپی مەخموور و کوشتنی نارین گۆرانی ٨ ساڵیان لە ئامەد، شەرمەزار کرد.
شەهبا
دایکانی ئاشتی و ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کوشتنی نارین گۆرانی ٨ ساڵیان لە ئامەد و هێرشی سەر کامپی مەخمووریان شەرمەزار کرد.
کۆنگرەکە لە کامپی پەنابەرانی بەرخۆدان لە عەفرین-شەهبا بەسترا و دایکانی ئاشتی و ئەندامانی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان و کۆنگرەی ستار و ئەنجومەن و دامەزراوەکانی کامپەکە ئامادەبوون، سیدرا حەمۆ، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی عەفرین-شەهبا ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند، "دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی قێزەونترین تاوان دژی هەموو بەها و بیرۆکە و بیروباوەڕی مرۆیی. ڕووداوی نارین گۆرانی ٨ ساڵ یەکێکە لەو تاوانانە، هەروەها هێرش دەکاتە سەر دایکانی ئاشتی مەخموور، ئەمەش ئەو تاوانانە دەردەخات کە فاشیزمی تورکیا بەرامبەر بە ژنانی کورد ئەنجامی دەدات.
"دڕندەیی بەرامبەر بە منداڵان هێرش و دەستدرێژییە بۆ سەر بەها مرۆییەکان"
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە، سیدرا حەمۆ داوای کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی کرد و وتی: ئێمە دایکانی ئاشتی و ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی عەفرین-شەهبا هەموو ئەو تاوانانە شەرمەزار دەکەین کە بەرامبەر بە منداڵان ئەنجام دەدرێن و جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو تاوانانە ئاین و ویژدانی مرۆڤایەتیش پەسەندی ناکات، جگە لەوەش داوا لە گەلی کورد و هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکەین کە ئەم هێرشانە بۆ سەر بەها مرۆییەکان ڕەت بکەنەوە، ئەو دڕندەییەی کە بەرامبەر نارین گپران کرا، گورزێک و هێرشکردنە سەر بەها مرۆڤایەتییەکان، لە هەمان کاتدا هێرشکردنە سەر جەستەی ژنان و کۆمەڵگەیە، هەڵوێستی گەلی ئامەد لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبێت بەردەوامی پێبدرێت.