دووەمین رۆژی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەب بەرێوەچوو

فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی ئەدەب کە لە ٢٦ی کانونی یەکەم لە سلێمانی دەستیپێکردووە ئەمرۆش بەردەوام بوو، دیداری "ئەحلام مەنسور" بۆ لێکۆڵینەوەی چیرۆک پێشکەشکرا.

سلێمانی

 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٧ی کانونی یەکەم لە تەلاری ھونەر لە شاری سلێمانی دووەمین رۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئەدەب لە سلێمانی کە لە دوو پانێڵ پێکھاتبوو بەرێوەچوو پانێڵی یەکەم دەربارەی دیداری "محمەد موکری" بۆ لێکۆڵینەوەی رۆمان، ھەروەھا دیداری "ئەحلام مەنسور" بۆ لێکۆڵینەوەی چیرۆک یەکێکی دیکەبوو لە پانێڵەکانی ڤیستیڤاڵەکە.

 

لە دەستپێکی پانێڵی دووەمدا نورجان دەلیل لە باکوری کوردستانەوە بە خوێندنەوەی پارچە ھۆنراوەیەک بەشداری پانێڵەکەی کرد، پانێڵەکە لەلایەن دکتۆر بوشرا کەسنەزانی پێشکەشکرا کە تیایدا ھەریەکە لە بەشداربوانی ناو پانێڵەکە دەربارەی بابەتێک دوان بابەتەکانیش پێکھاتبوون لە (ریزبەندیەکی نوێ بۆ مێژووی چیرۆکی کوردی، ویژدان پرسێک لەسەرووی پرسە ئاکارییەکان مەسەلەی ویژدانی ئەحمەد موختارو شایەتیەکی گەورە، ھەروەھا گوتاری وەچەرخانی ئیستاتیکی) .

 

دیاری فەرەیدوون، چالاکوانی مافی مرۆڤ، وەک سەردانیکەرێکی فێستیڤڵەکە باسی لە کەمی بەشداری ژن کرد لە فیستیڤالەکەو وتی: "رێژەیەکی کەمی ژن لە ناو فیستیڤاڵەکە بەشدارن ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بانگێشت نەکردنی ژنان و گرنگی نەدان بە ئامدەبوونیان" هەروەها' ئاماژەی بەوەدا کە ژنان وەک پیاوان ئازاد نین ھەر کات بیانەوێت بتوانن بێنە فیستیڤال و بەشداری ئەو چالاکیانە بکەن کە تیایدا چالاکی ژنان بەھۆیەوە پێشدەخرێت. وتیشی: "ژنان ئەرک و بەرپرسیارێتی خێزانیان لە ئەستۆدایە رەنگە پیاوێک لە بەیانی تا ئێوارە لێرە بێت کێشەی نابێت بەلام ژن ئەوەی بۆ ناکرێت چونکە رێگریەکان بۆ ژنان زۆرن".