دووەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەچوو

دووەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە دروشمی " هەموومان وەرزش دەکەین و هیوا دەبەخشین" بەڕێوەچوو، ئامانجیشیان بە کلتور کردنی وەرزشە لە ناو گەنجاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ لە دەروازە سیتی لە شاری سلێمانی بە دروشـمی "هەموومان وەرزش دەکەین و هیوا دەبەخشین" دووەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن ڕێکخراوی کاری وەرزشییەوە بەڕێوەچوو، داهاتی چالاکییەکەش بۆ نەخۆشخانەی هیوا و تووشبووانی شێرپەنجە تەرخان دەکرێت.

 

ژنانی گەنج و گەنجان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی باشوری کوردستانەوە بەشداربوون، لەکاتی خۆتۆمارکردنی بەشداربوواندا، بڕێک پارە لە بەشداربووان وەرگیراوە کە دواتر دەبەخشرێتە نەخۆشخانەی هیوا.

 

بەشداربووانی ماراسۆنەکە بە تەمەنە جیاوازەکان دەتوانن لە ماراسۆنی ٥ کیلۆمەتری بەشداربن، لە دووری ٢١ کیلۆمەتردا تەنها پاڵەوانانی ماراسۆن بەشدار دەبن، لە کۆتاییدا یەکەم و دووەم و سێیەمی ماراسۆنەکە لە نێوان ژنانی گەنج و گونجاندا هەڵدەبژێردێت و خەڵات دەکرێن.

یەکەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٩ لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، ساڵی ٢٠٢٠ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ماراسۆنەکە بەڕێوەنەچوو، ئەمڕۆش لە شاری سلێمانی دووەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەچوو.