دووەم کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا سبەی دەبەسترێت

دووەم کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەبەسترێت، ئەندامێکی کۆمیتەی ئامادەکاریش دەڵێت: ئامانجی کۆنفرانسەکە دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ کێشەی ژنانی ناوچەکە.

بەیروت

 

سبەینێ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، دووەم کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە بەشداری ١٠٠ ئەندام لە ١٦ وڵاتەوە بە دروشمی "بە یەکێتی ژنان، شۆڕشی دیموکراتی بەرپا دەکەین" دەبەسترێت و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئامانجی کۆنفرانسەکە شرۆڤەکردن و دۆزینەوەی چارەسەرییە بۆ کێشەی ژنانی ناوچەکە، هەروەها بنیادنانی خەباتێکی هاوبەشە لە نێوان ژناندا.

 

بوشرا عەلی، ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکار، دەربارەی دووەم کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بۆ ئاژانسی ژنها دوا و وتی: ئامانجی کۆنفرانسەکە ئەوەیە کە کێشەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بخەینە ڕوو، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش چەندین ڕێگەچارە بدۆزینەوە، تا بتوانین بە دیدی ژنانە چارەسەرییەکان بدۆزینەوە، هەروەها ئەزمونی ١٠ ساڵی خەباتی ژنان لە وڵاتاندا باس بکەین، بەتایبەت دوای شۆڕشی گەلان لە وڵاتانی عەرەبی.

 

کۆنفرانسەکە ئامانجی پێکەوە خەباتکردنی ژنانە

بوشرا ئاماژەی بەوەشدا: لەسەر بنەمای کێشەکان و ئەزموونی ژنان گفتوگۆ دەکەین و ڕۆڵی ژنان لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵگەدا دەکەینە تەوەری باسەکەمان چونکە کێشەی کۆمەڵگە و ژن گرێدراوی یەکترە، تا کێشەی ژنانیش چارەسەر نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت.

 

کۆنفرانسەکە بە بەشداری ١٠٠ ئەندام لە ١٦ وڵاتەوە، ڕۆژی ٣٠ و ٣١ی تەمموز لە هۆڵی ئوتێل پادۆڤا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەدەچێت، لە کۆتایی کۆنفرانسەکەشدا شێوازی پێکەوە کارکردن و ڕێکخستنێکی هەماهەنگیی ژنان دەخرێتە بەرچاو و هەوڵ دەدرێن بە خەباتی هاوبەشی ژنان کێشەکانی ژنان چارەسەر بکرێت، وەک ئەندامەکەی کۆمیتەی ئامادەکار ئاماژەی پێدا، ئومێدەوارن لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا تۆڕێکی هاوبەشی ژنان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بنیاد بنێن بۆ خەباتی هاوبەشی ژنان دژ بە کێشە و گرفتەکانی ژنان.

 

یەکەم کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ لە ئامەدی باکوری کوردستان بە بەشداری ٢٧ وڵات بەسترا، کاتی بەستنی کۆنفرانسەکەش هاوکات بوو لەگەڵ شەهیدکردنی سێ ژنە شۆڕشگێری کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز و شۆڕشی گەلانی وڵاتانی عەرەبی و توانرا دەستکەوتی مەزن و خەباتی ژنان پێشبخرێت.

 

ت.پ