"دووبارە بوونەوەی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانە شکستیی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە"

بەرەی گەل و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان هێرشە تیرۆریستییەکەی سەیدسادق شەرمەزار دەکەن کە تێیدا دوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین کرانە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ

 

کاردانەوەکان بەرامبەر گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین کە دوێنێ لە بۆردومانی دەوڵەتی تورکدا کرانە ئامانج بەردەوامەو هەریەک لە بەرەی گەل و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەیاننامەیان بڵاوکردەوە.

 

دەقی بەیاننامەکەی بەرەی گەل:

بەرەی گەل بە توندی سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستیەکەی ئەمڕۆی سەیدسادق دەکات کە تێیدا دوو هاونیشتیمانی ڕۆژنامەوان بەناوەکانی (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهائەدین) کرانە ئامانج و تیرۆرکران.

 

بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان و سەلامەتی و سەروەری خاکی عێراق و هاوڵاتییەکانی لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەريمی کوردستانە، بەداخەوە هەردولایان لە لوتکەی بێ باکی و بێ خەمیدان بەرامبەر ژیان و سەلامەتی و خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان.

 

ئەوەی ڕوودەدات و هەر ڕۆژەو درۆنێک مرۆڤێکی سڤیل و بێ گوناهی ئێمە دەکاتە ئامانج بە هاوکاری دەستی ناوخۆییە و ئەجێندای سیاسییە، دووبارە بوونەوەی بەردەوامی ئەو خەرق و پێشێلکارییە ئەمنییانە شکستیی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە و وای کردووە هیچ تاکێک هەست بە سەلامەتی و ئاسایشی ژیانی خۆی نەکات.

 

ئەجێندا دەرەکییەکان، کلکایەتی و دابەشبونە حزبی و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنورێکی بەزاندوە و دەبێت ئەو بێ باکیی و ئەجێندا مەترسیدارانە بەرامبەر ژیانی هاوڵاتیانمان کۆتایی پێبهێنرێت.

 

بەرەی گەل، لە کاتێکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی دەگەینێتە کەس و کاری ئەو دوو شەهیدە رۆژنامەوانە، بەرپرسیارێتی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیانی کوردستان دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق.

 

لای بەرەی گەل ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان هێڵی سورە و دەبێ ئەو بە ئامانجگرتن و تیرۆر و تۆقاندنە سنوری بۆ دابنرێ نەک هاوئاوازی لەگەڵدا بکرێت.

 

 

دەقى بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان:

تیرۆری ڕۆژنامەنووسان، هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا، بەتوندی سەرکۆنە دەکەین ! پێشنیوەڕۆی دوێنێ لە سەر ڕێگای شارۆچکەی سەید سادق، ئوتۆمۆبیلێک کە سێ ڕۆژنامەنووسی تێدا بوو، لەلایەن هێرشی بوردوومانی درۆنی تورکیاوە کرانە ئامانج و هەریەکە لەڕۆژنامەنووسان (هێرۆ بەهادین گوڵستان تارا ) ژیانیان لەدەستدا و ڕۆژنامەنووس ڕێبین بەکر بەسەختی بریندار دەکرێت. هەرسێ ڕۆژنامەنووس سەر بەکۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی لەهەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنی فەرمیان هەیە، کە بەڕێوە بوون وەک تیمیکی ڕۆژنامەنووسی بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان و هیچ پەیوەندیەکیان بەکاری سیاسییەوە نەبووە.

 

ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی فاشستی تورکیا لە درێژەی ئەو هێرش و ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە زەمینی و ئاسمانییەدایە کە ساڵانێکە بۆ نێو قوڵایی شار و گوندەکانی کوردستان دەستی داوەتێ و بەهۆیەوە ژیان و ئاسایشی خەڵکی کوردستانی نا ئارام و ناسەقامگیر کردووە و کوژران و برینداروبوون و ئاوارەبوونی دەیان هاوڵاتیی کوردستانی لێکەوتووەتەوە. ئەمە سەرباری بەردەوامی تیرۆرکردنی هەڵسوڕوانی سیاسی.

 

بەردەوامی ئەم پەلامارو هێرشە دڕندانەیەی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، لە سایەی دەسەڵاتەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمدا، نەک هەر بێدەنگەی لێکراوە، بەڵکو زانیاری چەواشەکارانە لەسەر ئەم ڕوداوو دەستدرێژیانەی دەوڵەتی تورکیا لە میدیاکانی خۆیانەوە بڵاودەکەنەوە، هەتا ڕاستییەکانی پشتی سیاسەتی خۆش خزمەتی و ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی فاسشتی تورکیادا، پێ دابپۆشن.

 

ئێمە، لە کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی بەتوندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستی و ئینسان کوژیەی دەوڵەتی فاشیتی تورکیا دەکەین، هاوکات پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسووکاری هەردوو ڕۆژنامەنووس هیرۆ بەهادین و گوڵستان تارا، دەردەبڕین وهیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانیش دەخوازین.

 

کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم کردەوە تیرۆریستیەی تورکیا پێچەوانە بەیاساو ڕیساکانی جیهانی دەزانێت، هاوکات بەرپرسیارێتی ئەم تاوانە و سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم و داواش لە ئازادیخوازان و ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لەکاری ڕۆژنامەنووسی و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان دەکات کە لەئاستی ئەم تاوانانەی دەوڵەتی تورکیاو ئەو بێدەنگییەی کە هەردوو حکومەتی هەرێم وعێراق گرتویانەتە بەر، بێدەنگ نەبن و بەشێوەی گونجاوی خۆیان ناڕەزایەتی دەرببرن.