دوو ژن بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی غاز بریندار بوون
لە شاری دهۆک بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی غاز دوو ژن بریندار بوون، بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەرگری شارستانی دهۆكیش هۆكاری ڕووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ لێچوونی غاز.
ناوەندی هەواڵ
نەخۆشخانەی سووتاوی و بەرگری شارستانی دهۆک لەبارەی برینداربوونی دوو ژن لە پارێزگاکەیان ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوەو تییدا هاتووە: درەنگانی شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی KRO لە سەنتەری پارێزگای دهۆک بوتڵێکی غاز تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو ژن بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی سووتانی ژنێکیان ٦٠٪ و ئەوی دیکەشیان لە ٤٥٪ ـە.
هاوکات، بەرگری شارستانی دهۆک بڵاوی كردەوە، هۆکاری تەقینەوەی بوتڵە غازەکە دەگەڕێتەوە بۆ لێچوونی غاز و لەهەمان کاتیشدا سۆبایەکی نەوت داگیرساوە و لە ئەنجامدا بووەتە هۆی تەقینەوەی بوتڵەکە.
لەماوەی کەمتر لە یەک مانگی رابردوودا ئەمە چوارەم حاڵەتی تەقینەوەی غازی ماڵانە لە دهۆك ڕووبدات.