دوو بەرپرسی باڵای ژن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە
لە دوای بڕیاری سەرۆکایەتی یەنەکە سەبارەت بە هەڵوێستی تیمی حزبەکەیان لە کابینەی حکومەتدا، هەریەک لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەروەها ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار، پابەندبوونیان بە بڕیارەکە ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی لە رۆژی ٤ی تشرینی دووەم، پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ هەڵبژاردن لەلایەن پەدەکەو چەند ئەندام پەرلەمانێکەوە کارا کرایەوە، هەندێک لە فراکسیۆنەکان و فراکسیۆنی یەنەکە بە دیاریکراوی ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.
لە دوای دوا بڕیاری سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە هەڵوێستی تیمی حزبەکەیان لە کابینەی حکومەتدا، بەرپرسانی یەکێتی لە پۆستە وەزاری و ئیدارییەکاندا پابەندبونی خۆیان بە رێنماییەکانی حزبەکەیان دەربڕیوە، کە ئەمەش بە واتای ئامادەییان دێت بۆ جێهێشتنی پۆستەکانیان.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەک تەنها وەزیری ژن لە پشکی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمدا، رایگەیاندوە کە پابەندی بڕیاری حزبەکەیەتی و دەکشێتەوە.
ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بەهەمان شێوە جەختی لەسەر پابەندبونی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرکردایەتی حزبەکەی کردوەتەوەو دەکشێتەوە.