دەوڵەتی تورک بناری قەندیلی بۆردوومان کردو ئاگر کەوتووەتەوە

سوپای داگیرکەری تورک بۆردوومانی گوندی ئیندزێی کرد و بەهۆی بۆردوومانی دوو ڕۆژ پێشتریش، ئاگرێکی زۆر کەوتووەتەوە و تائێستا بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

دەوڵەتی تورک لەگەڵ لەشکرکێشییەکەیدا بۆ باشووری کوردستان کە لە ١٥ی حوزەیرانەوە ژمارەی سەربازو تانک و چەکی زیاتر کردووە، درێژەی بە بۆردوومانی بۆ ناوچە جیاوازەکانی باشوور داوەو لە دوو شەوی ڕابردوودا زنجیرەیەک بۆردوومانی ئەنجام دا.

 

کامەران عوسمان، ئەندامی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاند، کاتژمێر ٨:٣٥ خولەکی ئێوارەی ٢٧ی تەمووز، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو جار بۆردوومانی "تەنگی شلەکێ"یان لە گوندی ئێندزێ، لە شارەدێی سەنگەسەری بناری قەندیل کرد.

 

هەروەها ڕایگەیاند، هەر بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە گوندەکە، دوو ڕۆژە ئاگرێکی زۆر لە سنووری گوندی ئێندزێ کەوتووەتەوە و نزیکەی ١٥%ی دارستان و پوش و پاوانی باسکی کۆلکە، بنگەی گۆڕی، سخۆرێ، ڕەزان و هەوای نێڵێ لە سنووری گوندەکە سووتاوە و تا ئێستاش ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

 

بەهۆی ئەم بۆردوومانانە، هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی، بەڵام بە سەدان داری بەتەمەنی ئەو ناوچەیە سوتاون و پورەی مێش هەنگی چەند هەنگەوانێکیش لەناوچوون.

 

ئەوە لە کاتێکدایە شەوی ٢٦ی تەمووز دووجار گوندی گەڵاڵە لە شارباژێری سنووری سلێمانی بۆردوومان کراو ئاگرێکی گەورە کەوتەوە کە هەتا دوێنێش کۆنترۆڵ نەکرابوو، هەروەها نیوەڕۆی ٢٧ی تەمووز دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆردوومانی سنووری گوندی توتەقەڵى لە شارەدێی ئاغجەلەری سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە سنووری سلێمانی کرد.