"دەوڵەتانی داگیرکەر هەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی کوردو کلتورەکەی بسڕنەوە"

ناوەندی پێنی کورد، نیگەرانە لەوەی دوای ١٢٤ ساڵ لە دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیی، بەڵام ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە و دەوڵەتانی داگیرکەر، هەموو ڕێگایەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی کورد و کلتورەکەی بسڕنەوە.

ناوەندی هەواڵ

بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، ناوەندی پێنی کورد ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە هەموو گه‌لی کورد کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "زۆربەی جار هەوڵ دەدەن ناکۆکیی و ململانێی نێوان کورد بەهێز بکەن بۆ ئەوەی بێهێز ببن، زۆریش بە ئاشکرا دەیبینین سیخوڕ و پیاوی خۆیان بەرداوەتە نێو حزب و ڕاگەیاندنە کوردییەکان بۆ ئەوەی بۆ مەبەستەکانی ئەوان کار بکەن، وەکو گەلی کورد پێویستە ئێمە نەبینە داردەست بۆ جێبەجێکردنی ئەو یارییە بۆگەنانە".

 

ناوەندەکە کە نوێنەرایەتی ڕۆشنبیرانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەکات و ڕێکخراوێکی نێونەتەوەییە، داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان وەک مەترسییەکی گەورە دەبینێت و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمیش لەجێدا نابینێت، دەشڵێت: "زانیاریی وردی دانووستانەکانیان لەگەڵ تورکیا ناگەنە بەر دەستی خەڵک و ئەوەش گومانەکە بەهێزتر دەکات، ئەمڕۆ کە چەندین کەناڵی ڕاگەیاندنی کوردیی، بە شێوەیەکی پیشەییانە کاری ڕاگەیاندنیان گەیاندووەتە ئاستێکی بەرز، پێویستە ئەو دەرفەتانە لەڕێگەی ڕاستدا بەکار بهێنرێن، نابێت ڕێگە لەبەردەم هەندێک کەس بکرێتەوە، کە لەدژی نەریت و مێژووی کورد و شارستانییە لەمێژینەکەیان هەستە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە برینداروبریندارتر بکات".

 

لە کۆتاییشدا داوا لە هەموو ڕێکخراو و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات، بە هەستیارییەوە لەگەڵ ئەو بابەتە ڕەفتار بکەن، ناکۆکی نێوان کورد گەرمتر نەکەن و لە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان دوور نەکەونەوە، هەروەها پێویستە لە بەرانبەر سیخوڕیی و دەستدرێژیی دووژمنانمان لەناوخۆشدا هۆشیار بن و ڕێگە لە ڕاگەیاندنی بەلاڕێبراو بگیردرێت.