شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پێویستە لایەنە کوردییەکان گرنگی بە پرسە نەتەوەییەکان بدەن

نابێت هیچ کەیسێکی نەتەوەیی بە حزبی بکرێت، هەروەها بۆ گەیاندنی پرسی کورد بە جیهان پێویستە کورد بە یەکدەنگی سەرەنجی لەسەر پرسە نەتەوەییەکان بێت و لەپێناویاندا هەوڵبدات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە شاری سلێمانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و پەیامنێرانی بەشێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان کۆبووە و تێیدا وردەکاری پڕۆسەی هێنانەوەی ١٧٢ ڕووفاتی شاڵاوەکانی ئەنفالی باس کرد، کە ماوەی چوار ساڵ زیاترە لە بەغدا چاوەڕوانی گەڕاندنەوەیان دەکرێت، هەروەها هۆکار و ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕاندنەوەی ئەو ڕووفاتانەی ئاشکرا کرد.

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەربارەی نەگەڕاندنەوەی ئەو ڕووفاتانە کە ماوەی چوار ساڵ و نیوە لە پزیشکی دادی بەغدا هێڵدراونەتەوە، دەڵێت: کاتێک دەستمان کرد بە بەدواداچوونەکانمان زانیمان لەسەرەتاوە حکومەتی هەرێم یەکێک لە هۆکارەکان بووە بۆ درووستبوونی ئاستەنگەکان و نەگەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان، هەروەها موزایەدەکردنی بەشێک لە پەرلەمانتاران و نوێنەران بە دۆسێیەکەوە و هەوڵدان بۆ خستنە بەرژەوەندی لایەنێک.

 

ڕوونیکردەوە، لایەنە کوردییەکان سەرقاڵی پرسە لاوەکییەکانن و لە خەمی پرسی نەتەوەییدا نین، بۆ ئەو مەبەستەش نمونەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای هێنایەوە کە بەردەوام هەڕەشەن بۆسەر خاکی باشووری کوردستان، هەروەها وتی: دەبێت کورد بەهۆی نەبوونی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی، نەکردنی پرسە نەتەوەییەکان بە ئامانجی یەکەم و سەرەکی و بەردەوام نەبوون لەسەر نیشاندانی بە جیهان، تا ئێستا نەتوانراوە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیی بە کۆمەڵکوژیی (جێنۆساید) بناسرێندرێت و سەرەنجی وڵاتان بۆ پرسی کورد ڕاکێشێت.