دوای پێداچوونەوە بە کەیسەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە لە تاران سزای چالاکوانێک کەم دەکاتەوە

سزای زیندانی مەحبوبە ڕەزایی لە ٦ ساڵ و سێ مانگەوە بۆ ٥ ساڵ کەم کرایەوە پاش ئەوەی دووبارە دادگایی کرا و گوێی لە کەیسەکە گیرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢، دەسەڵاتداران سەرکوتکردنی چالاکوانان، بەتایبەتی ئەوانەی داوای ئازادیان دەکر، چڕتر کردەوە، وڵاتەکە شایەتحاڵی هەڵمەتی چڕ و پڕ بوو لە دژی ناڕازییان، ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، کە بەشێکی زۆریان کەوتە بەر دەستبەسەر و دادگاییکردنی توند.

 

 ٤ی ئایار، پارێزەری مەحبوبە ڕەزایی،زیندانی سیاسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند، حوکمی ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندانی بۆ بریکارەکەی، ئەو چالاکوانە سیاسییەی لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کراوە، بۆ ٥ ساڵ کەمکرایەوە، دوای ئەوەی دووبارە دادگاییکردنەکە قبوڵکرا و دۆسیەکە لەلایەن لقی ٢١ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە پێداچوونەوەی بۆ کرا.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤دا داواکاریی مەحبوبە ڕەزایی بۆ دووبارە دادگاییکردن لەلایەن دادگای باڵا پەسەندکرا و دۆسیەکەی بۆ دووبارە دادگاییکردن ڕەوانەی هەمان لقی دادگای تێهەڵچوونەوە کرا.

 

مەحبوبە ڕەزایی ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە، لە لایەن لقی ٣٦ی دادگای تێهەڵچونەوەی تارانەوە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گروپێکی دوژمن بە کۆماری ئیسلامی" بە ٦ ساڵ وسێ مانگ زیندانی، تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی نەتەوەیی"، تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندە دژ بە رژێم"، تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە شوێنە پیرۆزەکان" بە ٦ ساڵ وسێ مانگ و ٨ ملیۆن تومان غەرامە،بە تۆمەتی "گەندەڵی و ئاشکراکردنی باڵاپۆش" سزا درا.