دوای بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان ٣٧ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ مەترسی بەدخۆراکییان لەسەرە

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ڕزگارکردنی منداڵان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، کە نزیکەی ٣٧ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ و ١٠ هەزار ژنی دووگیان و شیردەر لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی بەدخۆراکی توند بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژمارەی دانیشتوانی ئەفغانستان لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە کۆتایی مانگی ئابی ڕابردوودا ڕوویدا، ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆی خراپتر دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی ناسکی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتەکە و نائاسایشی خۆراک و بێکاری بەربڵاو و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی.

 

ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵانی نێودەوڵەتی ڕۆژی ٩ی ئەیلول ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە زیاتر لە ۆ١ هەزار کەس لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان پێویستیان بە پاڵپشتی خۆراکی هەیە، لەنێویاندا منداڵانی بەدخۆراکی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە نزیکەی ٣٧ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ و ١٠ هەزار ژنی دووگیان و شیردەر لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی بەدخۆراکی توند بوونەتەوە، هەروەها کەمکردنەوەی بودجەی نێودەوڵەتی لەم ساڵدا بووەتە هۆی داخستنی نزیکەی ٨٠ ناوەندی تەندروستی و گروپی گەڕۆک لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، کە خزمەتگوزارییەکان بۆ نزیکەی ٥٦٤ هەزار کەس سنووردار کردووە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە ٤٩٨ هەزار و ١٣٠ کەس لە نێویاندا ١١ هەزار و ٦٠٠ ژن دووگیان پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی بەپەلە هەیە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ٪١٥ ی ئەو ژنانە لەکاتی منداڵبوون تووشی ئاڵۆزی دەبن بەهۆی پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی منداڵبوون و لەگەڵ هاتنی زستاندا مەترسییەکانی تەندروستی زیاتر دەبێت، ئەو خێزانانەی لە پەناگە قەرەباڵغەکان دەژین ڕووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک سورێژە، هەوکردنی هەناسەدان و سکچوونی ئاوی تیژ دەبنەوە.

 

دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و ڕووخانی ڕژێمی سیاسی پێشوو، ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانی بەرفراوان بووەوە، لەوونەش دابەزینی دراماتیکی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان و کشانەوەی زۆرێک لە ڕێکخراو و دامەزراوەکانی یارمەتی دەرەکی، ناسکی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەی زیاتر کردووە، ئەم بارودۆخانە وایکردووە ملیۆنان ئەفغانستان بەدەست نائاسایشی خۆراک و بێکاری بەربڵاو و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و قەیرانی مرۆییەوە دەناڵێنن.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆی، ٢٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ئەفغانی پشت بە هاوکارییە مرۆییەکان دەبەستن، لە ئێستادا ٤٧%ی دانیشتوانی ئەفغانستان لە هێڵی هەژاریدا دەژین و ١٢.٤%یش بەدەست نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢دا تاڵیبان بڕیارێکی گفتوگۆیاویدا بۆ قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان دەرکرد، ئەم هەنگاوە بە وەڵامێکی بەهێز و بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەزگاکانی فریاگوزاری بەرەوڕوو بووەوە، کە  لە ژێر فشاری نێودەوڵەتیدیەا، تاڵیبان ناچار بوو هەندێک لێخۆشبوون لە کەرتە گرنگەکانی وەک تەندروستی و پەروەردەدا دەربکات.

 

جگە لەم قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە، کارەساتی سروشتی کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان داناوە، لە کۆتایی مانگی ئابی ڕابردوودا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٢ پلە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێکەوتەوە، بەلانیکەم دوو هەزار و ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار و ٦٠٠ کەسیش برینداربوون و هەزاران خێزان ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە.

 

لە دوای ئەو کارەساتە، پرسی سنووردارکردنی ژنانی کرێکاری فریاگوزاری سەریهەڵداوەتەوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە داوایان لە تاڵیبان کردووە ئەو سنووردارکردنانە هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ژنانی کرێکاری فریاگوزاری ئازادانە بجوڵێن و هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە بکەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە سەرپەرشتیاری پیاو هەبێت، بەڵام ئەم ڕێکخراوانە پێیان وایە بەشداری ژنان لە هەوڵی فریاگوزاریدا زۆر گرنگە و پێویستە، بە تایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی کە ژنان و منداڵان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.