دوای ڕاپۆرتێکی پزیشکی دادوەری دۆسیەی کوشتنی ڕۆژین کابایش دەچێتە قۆناغێکی ناڕوونەوە

ئە ڕاپۆرتە تەواوکەرەی کە لەلایەن دامەزراوەی پزیشکی دادوەری تورکیا ''ATK'' بڵاوکراوەتەوە، گریمانەی پیسبوون لە دوو نمونەی دی ئێن ئەی کە لەسەر تەرمی ڕۆژین کابایش دۆزراوەتەوە، پشتڕاستی کردەوە کە نمونەکان هی کەسانی نەناسراون.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ١٨ڕۆژ لە دیارنەمانی لە شاری وان لە باکووری کوردستان، تەرمی ڕۆژین کابایش، خوێندکاری زانکۆی یوزونەجویل دۆزرایەوە، لە ڕووداوێکدا کە پرسیاری بەرفراوانی لەسەر بارودۆخی نهێنی مردنی دروستکرد، تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری ڕووداوەکە.

 

هۆکاری مردنی ڕۆژین کابایش، خوێندکاری زانکۆی یوزونەجویل، تا ئێستا ڕوون نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەکان لە سەر دۆسییەکە بەردەوامە، هەرچەندە ناوی دووکەس لە ڕاپۆرتی سەرەتاییدا دەرکەوتووە کە لەلایەن پەیمانگای پزیشکی دادوەری تورکیا ''ATK'' بڵاوکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە، هەروەها  لەم دواییانەدا ڕاپۆرتێکی تەواوکەر بۆ دۆسیەکە زیاد کرا، پەیمانگاکە بە هاوکاری سەندیکای پارێزەرانی وان و ئامەد و پارێزەرانی بنەماڵەی ڕۆژین کابایش و وەزارەتی داد، ڕاپۆرتێکی دیکەی بۆ مەلەفی دۆسیەکە زیاد کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی بارودۆخی مردنەکە.

 

ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، ئە و ڕاپۆرتە تەواوکەری کە پێشتر پێشکەش کراوە، گریمانەی پیسبوون لە نمونەکانی دی ئێن ئەی پشتڕاستکردووەتەوە، کە پێشتر پەیمانگای پزیشکی دادوەری تورکیا لە ڕاپۆرتی سەرەتایی خۆیدا ئاماژەی پێکردبوو.

 

دەزگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تورکیا کە پێشتر لە ڕاپۆرتی تەواوکەری خۆیدا باسی لە ئەگەری پیسبوون کردبوو، ئاماژەی بەوە کردبوو، کە نمونەی دی ئێن ئەی لە ١٣٤ کەس وەرگیراوە، لەوانە، ئەوانەی لە کاتی پشکنینی تەرمەکەدا ئامادەبوون، وە ئەوانەی لە کاتی دۆزینەوەی تەرمەکەدا ئامادەبوون، هەروەها ئەوانەی بەشداربوون لە گواستنەوەی تەرمەکە بۆ نەخۆشخانە، وە ئەوانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ ڕۆژین کابایش هەبووە وەک ''خوێندکاری زانکۆ و هاوڕێکانی دیکەی''.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، ئەگەری پیسبوون لە دوو نمونەی دی ئێن ئەی کە لەسەر تەرمی ڕۆژین کابایش دۆزراونەتەوە ڕەتکراوەتەوە، دوای ئەوەی دەرکەوتووە لەگەڵ ئەو نمونانەدا ناگونجێت کە لە ١٣٤ کەس وەرگیراون، کە بەرکەوتنیان لەگەڵدا هەبووە یان بەشدارییان لە پشکنین و گواستنەوەی تەرمەکەدا کردووە، ئەم ئەنجامە پشتڕاستی کردەوە کە دی ئێن ئەیەکە هی کەسانی نەناسراو بووە کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو کەسانەوە نەبووە کە بەشدارن لە ڕێکارەکانی دەورووبەری ڕووداوەکەدا.

 

''قۆناغێک لە ناڕوونی''

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، کە نووسینگەی داواکاری گشتی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی نموونەی دی ئێن ئەی تۆمەتباران ئەنجام دەدات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دەستنیشانکردنی خاوەنی ئەو نمونانەی لەسەر تەرمی ڕۆژین کابایش دۆزراونەتەوە.

 

ڕاپۆرتەکە نیگەرانییەکانی دروستکردووە کە دۆسیەکە دەچێتە قۆناغێکی ناڕوونی، بەتایبەتی لە نەبوونی بەڵگەی یەکلاکەرەوەدا، شارەزایانی یاسایی پێیان وایە ئەو زانیاریانەی لە مۆبایلەکەی ڕۆژین کابایش هەڵگیراون، ڕەنگە کلیلی ئاشکراکردنی نهێنی مردنەکەی و ئاشکراکردنی بارودۆخی دەوروبەری بێت.