ژنانی سووریا سەرەڕای قەیرانی ئابووریی تیمێکی پزیشکی پێکدەهێنن

نەخۆشانی سوەیدا گلەیی لە گرانبوونی کرێی پشکنینی پزیشکی و دەرمان دەکەن، ئەمەش ئازارەکانیان زیاد دەکات و بارگرانییان لەسەرە، بەتایبەتی کە لە بارودۆخێکی سەختی ئابووریدا دەژین و قەیران تا دێت زیاد دەکات.

ڕۆشێل جونیۆر

 

سوەیدا- بەمەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی نەخۆشەکان کە لە ئەنجامی گرانبوونی نرخی دەرمان و پشکنینە پزیشکییەکانەوە دروست بووە، بەتایبەتی کە زۆرینەی دەرمانەکان نەماون یان بە نرخێکی لەڕادەبەدەر دەفرۆشرێن، ژمارەیەک لە ژنانی خۆبەخشی شاری سوەیدا بە هاوکاری پزیشکانی دەرمانساز، تیمێکی پزیشکییان پێکهێناوە.

 

گولنار عەبد، پزیشکی دەرمانساز باسی لەوەکرد، تیمەکەیان لە پزیشک و پەرستاری ژن و دەرمانسازان پێکهاتووە، بە ئامانجی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ هەموو نەخۆشێک کە توانای دابینکردنی نرخی دەرمانی نییە، بە تایبەت کە نرخی دەرمانەکان دوو هێندەی نرخی ڕاستەقینەی خۆیانی تێپەڕاندووە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی ژمارەیەکی تایبەتەوە پەیوەندی بە خۆبەخشەکانەوە دەکرێت بۆ ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بەو خزمەتگوزارییە پێویستانەی کە پێشکەشیان دەکرێت بەبێ ئەوەی پێویستیان بە دەرچوونیان لە ماڵەوە هەبێت، وەک چارەسەرکردنی سووتان و برینەکان تاوەکو بەتەواوی چاک دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێری بارودۆخی ئەو ژنانە دەکرێت کە بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن وەک شێرپەنجە، بەرزی پەستانی خوێن، شەکرە، و نەخۆشیەکانی تر، حاڵەتی تریش هەیە کە نەخۆشەکان دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکان ئەگەر پێویست بوو.

 

هاوکاری پێشکەش بە منداڵان و ژنان دەکرێت

پەرستار مەیسا دەروێش ئاماژەی بەوەدا کە وەک خۆبەخشێک لە تیمەکەدا کاردەکات، بەو پێیەی خۆی و باقی خۆبەخشەکان هەوڵدەدەن دەستی هاوکاری پێشکەش بە ژنان و منداڵان بکەن، بەتایبەتی کە نەخۆشییەکانی وەک ئەنفلۆنزا بڵاوبوونەتەوە، وتیشی: تیمەکە خزمەتگوزاریەکانی پێشکەش دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە بەردەستە لە ڕووی دەرمانەوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکان، کە ئاستی مەترسی کەمیان هەیە یان ئەنجامدانی پشکنینەکان بەخۆڕاییە، چونکە تیمەکە ژمارەیەک پزیشکی ژن لەخۆدەگرێت، ئەمەش ئاسانکاری بۆ نەخۆشەکان دەکات.

 

سەمیحە مەدوار یەکێک لە سودمەندانی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لەلایەن تیمی پزیشکی خۆبەخشی ژنانەوە پێشکەش دەکرێت، باسی لەوە کرد کە نەشتەرگەری لابردنی منداڵدانی بۆ کراوە و لە ئەنجامدا تووشی خوێنبەربوونی زۆر بووە، تیمەکە ڕۆژانە پەرستارێک دەنێرێت بۆ ماڵەکەی بۆ دابینکردنی لەگەڵ چاودێری پێویست، لەوانەش گۆڕینی پەڕۆی برین و تەداوی کردن، بەو پێیەی تیمەکە سەرچاوەی دارایی نییە، پەیوەندی بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە کرد کە تێچووی نەشتەرگەریەکەیان بدەن، هەروەها تیمەکە دەرمانی بێبەرامبەری بۆ چارەسەرکردنی هەڵامەتی بۆ منداڵەکان دابینکردووە.