شەقایق دەهقان بە تۆمەتی دژایەتیکردنی حیجابی ناچاری سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا

شەقایق دەهقان، ئەکتەری ناسراوی سینەمایی و تەلەفزیۆنی ئێرانی، بە تۆمەتی دژایەتیکردنی حیجابی ناچاری، بە دە ڕۆژ زیندانی سزادرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٦ی حوزەیران، کاوە ڕاد، پارێزەری شەقایق دەهقان نووسەر و ئەکتەری بەناوبانگی سینەما و تەلەفزیۆنی ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند کە موکلەکەی بە تۆمەتی "دەرکەوتن لەسەر ڕێگا گشتییەکان بەبێ حیجابی شەرعی" بە ١٠ ڕۆژ زیندانی سزا دراوە، نووسیویەتی "دادگای تاوانەکانی دوو کۆمەڵگەی دادوەریی ئیرشاد لە تاران زیندانیکردنەکەی بە سەرپێچی یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار تمەن گۆڕیوە".

 

لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوو و دوای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، زۆرێک لە هونەرمەندان و ئەکتەران و چالاکوانان دژایەتی خۆیان بۆ حیجابی ناچاری ڕاگەیاند و بەبێ حیجابی ناچاری لە شوێنە گشتییەکان دەردەکەوتن.