"ژن خودی گەردوونە و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕۆح دەبەخشێت بەم گەردوونە"
ئاهین عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پەروەرده و ئەکادیمیاکانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕای خۆی لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ به ژنان ڕاگەیاند و جەختی لەوەکردەوە که مانگی تشرینی دووەم مانگی بەرزکردنەوەی بەرەنگاربو
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە پلاتفۆرمی ڕێکخراو و بزووتنەوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زنجیرە چالاکییەکانی بۆ ٢٥ی ئەم مانگە لە ژێر دروشمی "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی خۆت بپارێزە" ڕاگەیاند.
ئاهین عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵسەنگاندنی کرد و وتی: ئێمەی ژنان مانگی تشرینی دووەم، بە مانگی بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان دەبینین، تێکۆشان دژ بە توندوتیژی دژی ژنان بە یەک مانگ سنووردار نییە، ئەم تێکۆشانە لە مێژووەوە دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئەگەر بەدواداچوون بکەین، دەزانین کە بنکەی توندوتیژی بە هۆشیاری دەسەڵاتدار دروست بووە و بەڕێوەی بردووە.
بۆچی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" خۆ بپارێزێت؟
ئاهین عەلی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، "ئەمساڵ لە ژێر دروشمی "بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی خۆت بپارێزە" دەستمان بە چالاکییەکانمان کرد. بۆچی ئەم دروشمە؟ چونکە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ئەم دروشمەی بەخشی بە هەموو بزووتنەوەکانی ژنان و ئەمڕۆ بۆتە فەلسەفەیەک و ڕێگای خۆبوون نیشان دەدات. ئەم فەلسەفەیە لە تێکۆشانی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەوە، کاریگەری خۆی دروستکرد. چونکە ژن لە ڕێگەی ئەم فەلسەفەوە خۆی ناسیەوە، بۆ دەڵێین خۆت بپارێزە؟ هەموو زیندەوەرێکی گەردوون میکانیزمی بەرگری هەیە، بۆیە پێویستە ژنان بزانن پێویستیان بە کەسێک نییە کە بیانپارێزێت. ئەگەر خۆی لەو عەقلیەتە پیاوسالارییە بپارێزێت کە جیاکاری لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا دروست کردووە، ژنانی وەک ڕەگەزێکی لاواز و بێدەسەڵات و شەرمەزار ناساندووە، سنووری بۆ ژیانیان دروست کردووە؛ بۆیە لەم سەدەیەدا پێویستە فەلسەفەی خۆمان و دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان بپارێزین".
''جیهان لە پڕۆسەیەک بە عەقلیتی شەڕدا تێدەپەڕێت''
ئاهین عەلی ئاماژەی بەوەدا کە جیهان لە پڕۆسەیەک بە عەقلیتی شەڕدا تێدەپەڕێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە فەلسەفەی "ژن،ژیان، ئازادی" ئێمە ئازادی ژن لەسەر گۆرانکاری و گۆڕینی عەقلیەتی پیاوسالاری و ئازادیی کۆمەڵگا بە بنەما دەگرن، نەک ئازادی تاکەکەسی. لەسەر ئەو بنەمایە، بەهۆی نزیکبوونەوەی ٢٥ی ئەم مانگە و بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان، لە گوند و گەڕەک و شار و کانتۆنەکان دەستمان بە سیمینار کردووە، هەروەها خولی ڕاهێنان بۆ ژن و پیاو دەستی پێکردووە. کۆبوونەوەی بەرفراوان لە هەموو شارەکان ئەنجام دەدرێت، وۆرک شۆپ لە هەموو کانتۆنەکان و ڕێپێوان ئەنجام دەدرێت".
"بە یەکگرتوویی ژن و بە هەمان فەلسەفە خۆمان و ژیانمان ئازاد دەکەین"
ئاهین عەلی سەرنجی بۆ ئەو ناوچانەی داگیرکراو ڕاکێشا کە ژنان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لەژێر فشارێکی زۆردان و بەم شێوەیە کۆتایی بە وتارەکەی هێنا: "هەنگاوی بنەڕەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک ئەنجوومەنی پەروەردە و ئەکادیمیاکانی ژنان نراوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان هەیە. ئەرکی سەرەکیمان ئەوەیە دەستمان بگاتە هەموو ژنان و ئەندامانی کۆمەڵگە و ڕێگای ئازادییان پیشان بدەین. لەم پرۆسە هەستیارەدا پێویستمان بە یەکڕیزی ژنانە، بۆ ئەوەی پێکەوە خۆمان لە توندوتیژی ڕزگار بکەین و بە ئازادی بژین. وڵاتەکەمان لەژێر داگیرکاریدایە، تەنها بەو فەلسەفەیە دەتوانین خۆمان ڕێکبخەین و لەم داگیرکارییە ڕزگارمان بێت. تا هەرێمەکەمان لەژێر داگیرکاریدا بێت، ژنان هیچ مافێکیان نابێت، دەکوژرێن، کۆمەڵکوژی لەسەر پێکهاتەکان دەکرێت. ژن خۆی لە خۆیدا گەردوونێکە و فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕۆح بەم گەردوونە دەبەخشێت".