لەو ناوچانەی بە بەردی داڕماوی چیا وێران بووە، هیچ ڕێکارێک نەگیراوەتەبەر

گەڕەکی کوچوک دالیان لە بناری چیاکان بەهۆی داڕمانی بەردەوە لە بوومەلەرزەکەدا ماڵەکانی وێران بووە و تا ئێستا دەسەڵاتداران هیچ ڕێوشوێنێکیان نەگرتووەتەبەر.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

هاتای- دوای دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە ٦ی شوبات و ڕۆژانی دواتر، کە ناوەندەکەی شاری مەڕەش بوو، گەڕەکی کوچوک دالیان لە ئەنتاکیا بەهۆی بوونی لە بناری چیادا و داڕمانی بەردی چیاکەوە زۆرێک لە باڵەخانەکای وێران بوون. خەڵکێکی زۆر لە ژێر داروپەردوودا مانەوە و گیانیان لەدەستدا، نزیکەی مانگێک بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک نەگیراوەتەبەر، دەزگاکانی نیشتەجێبوون بینای بەشێک لە هاوڵاتیان بە زیانی کەمتر لە قەڵەمدەدەن و دەڵێن دەتوانن لە ماڵەکانتان بمێننەوە.

 

چۆن دەتوانین بەم هەڕەشە و ترسە لە ماڵەوە بمێنینەوە؟

سورەییا گۆکدەمیر، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکەیە و خستیەڕوو کە دوای بوومەلەرزەکە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ هیچ هاوکارییەک نەهاتووە و زۆر کەسیان بە هەوڵی خۆیان ڕزگارکردووە، وتیشی بەهۆی بەردی داڕماوی چیاکەوە لەناو ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە و دوای وەستانەوە داڕمانەکە توانیویانە لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە، وتیشی: لە کاتی بوومەلەرزەکەدا هیچ بەردێک لەسەر بەرد نەما، ئێمە لە بوومەلەرزە نەترساین، بەڵکو لە بەردەکان دەترساین، دوای ئەوە ئێمە ٧-٨ بنەماڵە چەند ڕۆژێک لە چادردا ماینەوە، هەموو بەردەکانی سەر شاخەکە، دوای بوومەلەرزەکە هاتنە سەر ماڵەکانمان، کەس نەهات بۆ یارمەتیدان، خەڵک بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەناو وێرانەدا مانەوە و گیانیان لەدەستدا، ئەو کەسە بریندارانەی لە ژێر داروپەردوودا دەرمانهێناون، بەهۆی ئەوەی نەبراونە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، هەموو منداڵە بریندارەکانمان لە ژێر داروپەردوو دەرهێنران.

 

"ئەو ژنەی لە ژێر داروپەردوو دەرمانهێنا بەهۆی سەرمایە گیانی لەدەستدا"

ئەحمەد گۆکدەمیر باسی لەوەکرد، دەزگاکانی نیشتەجێبوون زیانی خانووەکانیان کەمتر نووسیوە و وتی کە ئەو بڕیارە قبوڵ ناکەن، "ئەم بەردانە لە چیاکەوە داڕماون، بەڵام هەمیشە دێن و دەڵێن ئێمە هیچمان لە ماڵەکانتاندا نەدیوە، دەتوانن تێیدا بمێننەوە، ئایا شتێکی وەها دەگونجێت، دەڵێن ئەم باڵەخانانە کەمتر زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام ئێمە ناتوانن لێرە دابنیشن، چیاکە لێرەدا بووەتە دوو بەش و ئەم ماڵە لەژێر بەرددا لەگەڵ زەوییەکەدا بووە بە یەکێک، دراوسێیەکمان هەبوو، توانیمان دوای ١٠ ڕۆژ تەرمەکەی دەربهێنین، دواتر ژنێکی بریندارمان دۆزیەوە، لە ژێر داروپەردووەکە دەرمانهێنا و نەمانتوانی بیبەینە نەخۆشخانە، کەس نەهات و ژنەکە بەهۆی برین و سەرماوە گیانی لەدەستدا، بۆچی کەس نەهاتووە بۆ ئێرە، تەنها ئافاد هات بۆ کامپ و وتیان ئێمە نەمانزانیوە کارەساتەکە هێندە گەورەیە و ڕۆشتن.