تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی: عێراق لەبری پشتیوانیکردن، ئاستەنگ دروستدەکات

تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی لە هەشتەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە دابینکردنی زیانەکانی فەرمانەکە.

شەنگال

 

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ٨ ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، زنجیرە چالاکییەکانی ئیدانەکردنی فەرمانەکە بەردەوامن، تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی لە بازاڕی کۆنی شەنگال کە تێیدا هەزاران ژن بەدیل گیران، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

 

لە چالاکییەکەدا وێنەی ئەو ژنانەی لە فەرمانەکەدا دیارنەماون بەرزکرانەوە، شادیە داود، ئەندامی تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی بەیاننامەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئیدانەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ دەکەن کە داعش دژی کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامیدا، "لەو مێژووەدا هەزاران کەس کوژران و ڕفێندران، بە تایبەت ژنانی ئێزدی زیانێکی زۆریان بەرکەوت، داوا لە هەموو دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین کە تێکۆشان بکەن بۆ مافی ژنانی ئێزدی، ئێمە وەک تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی هەتا هەموو ژنان لە دەستی داعش ڕزگار نەکەین لە تێکۆشان بەردەوام دەبین".

 

فەریدە شەنگالی، بەڕێوەبەری تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی، بۆ ئاژانسەکەمان ئاماژەی بەوەدا کە دوای فەرمانەکە ڕێکخراوەکەیان دامەزراندووە، چونکە ژنانی ئێزدی پێویستیان بە ڕێکخراوێک هەبووە بۆ یارمەتیدانیان، وەک تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی، چەندین پڕۆژەیان هەیە، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر دەبنەوە.

 

"پشتیوانی دەوڵەتی عێراق ئاستەنگ دروست دەکات"

فەریدە شەنگالی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی عێراق لەبری ئەوەی یارمەتی بدات بە ژنانی دەستی داعش، سنوورێک لە بەردەمیان دادەنێت و وتی: یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمە ڕزگارکردنی ژنانە لە داعش، تا ئێستا ١٥٠٠ ژنی ئێزدی لەلایەن هێزەکانی قەسەدەوە ڕزگار کراون، پێویستە حکومەتی عێراق هاریکاریمان بکات بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ژنانە بهێنینەوە لای خێزانەکانیان، بەڵام حکومەت دەروازە سنوورییەکان دادەخەن و ڕێگەنادەن ئەو ژنانەی رزگارکراون بچنە ناو شنگالەوە.

 

"ئەو ژنانەی لە ژیاندا ماون گەورەترین شایەتحاڵی فەرمانەکەن"

لە کۆتایی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی، فەریدە شەنگالی، سەرنجی بۆ سیاسەتی دژی ژنانی ئازادکراوی ئێزدی ڕاکێشا و ڕوونیکردەوە: "ئێمە وەک تۆڕی هاریکاری ژنانی ئێزدی، دژی ئەوەین کە ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش بچنە دەرەوەی شەنگال، ئەمڕۆ سەدان ژن لەژێر ناوی پاراستنی مافەکانیان ڕەوانەی وڵاتانی ئەوروپا کراون. بەڵام داوا لەو ژنانە و خێزانەکانیان دەکەم بە باشی چاویان بکەنەوە. ئەم ژنانەی لە ژیاندا ماون و ڕزگاربووی فەرمانەکەن گەورەترین شایەتحاڵی فەرمانەکەن، ئەگەر ڕۆژێک دادگا دابنرێت شایەتیدان پێویستە، دەیانوێت بە دەرچوونی ئەو ژنانە لە شەنگال شایەتحاڵانی فەرمانەکە ون بکەن تا ئەو کەسانەی هۆکاری فەرمانەکە بوون سزا نەدرێن.