دۆسیەی بیتا همتی لە نێوان هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و بەردەوامی فشاری دادوەریدایە

سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی بیتا همتی لەلایەن دادگای باڵا، بەڵام بڕیاری گەڕاندنەوەی دۆسیەکەی بۆ لقی ٢٦ نیگەرانییەکانی لە پەرەسەندنی مافەکانی مرۆڤدا لێکەوتووەتەوە چاودێران ترسیان هەیە لە دووبارەبوونەوەی پراکتیزە دادوەرییەکانی ڕابردوو.

ناوەندی هەواڵ

 

دۆسیەی ئەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون، شاهیدی پەرەسەندنی کاردانەوەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ بە وردی باس لە زیادبوونی فشاری دادوەری و نەبوونی پارێزبەندی یاسایی سەرەتایی لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا دەکەن.

 

دادگای باڵا سزای لەسێدارەدانی بیتا همتی، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییەی ناڕەزایەتییەکانی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی گەڕاندەوە بۆ لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری، ئەمە هەمان ئەو لقەیە کە بڕیاری سەرەتایی لەسەر ئەو و چەند تۆمەتبارێکی دیکەی ئەو دۆسیەیە دەرکردووە.

 

چالاکوانانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی یاسایی پێیان وایە کە گەڕانەوەی دۆسیەکە، بۆ هەمان دادگا ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ دووبارەبوونەوەی پراکتیزەکانی ڕابردوو، نیگەرانییەکان لە بەردەوامی مامەڵەی توندی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتی لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا دەوروژێنێت.

 

بیتا همتی و هاوژینەکەی دوای شەپۆلێکی گرژییە ئەمنییەکان دەستگیرکران، کە دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە هاتبوون، هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن و توندکردنەوەی ئەمنی و کردنەوەی دۆسیەی یاسایی لە دژی خۆپیشاندەران لەگەل بوو، بەگوێرەی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ژمارەیەکی زۆر لەوانەی لە کاتی ئەو ناڕەزایەتیانەدا دەستگیرکرابوون، تووشی دادگاییکردن بوون کە کەمترین مسۆگەری یاسایییان تێدا نەبوو، بەو پێیەی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەری سەربەخۆ سنووردار بوو، پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیان سنووردار بوو، هەروەها ڕوونی لە ڕێوشوێنەکاندا هەبوو.

 

چالاکوانانی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکەنەوە، کە دۆسیە ئەمنییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە ناڕەزایەتیەکانەوە هەیە، زۆرجار لە دانیشتنە داخراوەکاندا لە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی دامەزراوە ئەمنییەکاندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش نیگەرانییەکی جددی لەبارەی دادپەروەری دادگاییکردنەکان و ڕێزگرتن لە مافی دەستگیرکراوەکان دەوروژێنێت.

 

سزای لەسێدارەدان

بە پشتبەستن بە بڕیارێکی لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، دادگاکە بە تۆمەتی "ئەنجامدانی کاری ئۆپەراسیۆن بۆ دەوڵەتێکی دوژمنکار" سزای لەسێدارەدانی بەسەر بیتا همتی و سێ کەسی دیکەدا سەپاند، هەروەها بە تاوانی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵک و ماڵیان، سزای پێنج ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا، هەر لەو حاڵەتەدا یەکێک لە تۆمەتبارەکان سزای پێنج ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

 

ئەم سزایانە کە لە سێدارەدان و ماوەی زیندانیکردن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیان تێکەڵ کردووە، ڕەخنەی بەرفراوانی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی چاودێری دادوەری لێکەوتووەتەوە، ڕەخنەگران وتیان: بەکارهێنانی تۆمەتی ئەمنیی جددی بەرامبەر بەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون، بووەتە ئامرازێک بۆ زیادکردنی فشاری دادوەری و دروستکردنی کەشوهەوای تۆقاندن کە ئازادی ڕادەربڕین و ناڕەزایەتی بەرتەسک دەکاتەوە.

 

تۆمەتەکان بە وردەکاری ناڕوون

لە بڕیارەکەدا، لە دۆسیەکەدا تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕێپێوانی ناڕەزایەتی و وتنەوەی دروشم و فڕێدانی موشەک و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتیە، جگە لە تۆمەتی بەکارهێنانی تەقەمەنی و زیانگەیاندن بە هێزە ئەمنییەکان، بەڵام چاودێرانی یاسایی وتیان: هیچ وردەکارییەکی تایبەت سەبارەت بە ڕۆڵی تاکەکەسی هەر تۆمەتبارێک نەخراوەتەڕوو، ئەمەش پرسیار لەبارەی وردی تۆمەتەکان و ڕوونی ڕێکارەکانی وروژاندووە.

 

شارەزایانی یاسایی پێیان وایە کە گرنگترین کێشە لەم کەیسەدا لە نەبوونی ڕوونیدایە لە چۆنیەتی هێنانەکایەی تۆمەتەکان و نەبوونی بەڵگەنامەیەکی ورد کە بەرپرسیارێتی هەر تۆمەتبارێک بە تاک دیاری بکات، هەروەها زۆرێک لە کەیسەکانی پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکانی وڵات لەسەر بنەمای تۆمەتی فراوان و گشتی ئەمنی بەبێ بەڵگەی پێویست، کە ئەمەش مافی بەرگرییەکی کاریگەر لە تۆمەتباران داگیر دەکات و سەربەخۆیی پرۆسەی دادوەری تێکدەدات.

 

نیگەرانییەکان

بڕیارەکەی دادگای باڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی بیتا همتی سەرەتا ئیسراحەتێکی بۆ چالاکوانانی مافی مرۆڤ هێنا، بەڵام ڕەوانەکردنی دۆسیەکەی بۆ لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران نیگەرانییەکانی سەرلەنوێ هەڵگیرساندەوە، ئەم لقە بە سەرۆکایەتی دادوەرەی سزای سەرەتایی دەرکردووە، کە بە سەردانی سزای توند بسەر چالاکوانانی مەدەنی و خۆپیشاندەران و زیندانیانی سیاسی ناسراوە لە ساڵانی ڕابردوودا و ناوەکەی چەندین جار له ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ و ڕەخنە نێودەوڵەتییەکاندا دەرکەوتووە.

 

چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لەوەی کە ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ هەمان دادگا دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ سزای توندتر، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرێک لە دۆسیەکانی ناڕەزایەتیان لە ژینگەیەکی دادوەری ناڕوون و لە ژێر کاریگەری فشارە ئەمنییەکان بەردەوامن، ئەمەش نیگەرانی جددی لەبارەی دادپەروەری ڕێوشوێنەکان و ڕێزگرتن لە مافی تۆمەتبارەکان دەوروژێنێت.