دەستڕێژ لە قوتابخانەیەک دەکرێت لە شاری قازانی ڕوسیا

لە قوتابخانەیەکی قازان لە ڕوسیادا دەستڕێژی گولـلە دەکرێت لەلایەن گەنجێکەوە، بەهۆیەوە ٩ منداڵ گیانیان لەدەستدا کە سیانیان کچن، ئەمەش خراپترین حاڵەتە کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تۆمار کرابێت لەو وڵاتە.

لە قوتابخانەیەکی شاری قازان لە ڕوسیادا دەستڕێژی گولـلە دەکرێت لەلایەن گەنجێکەوە، بەهۆیەوە ٩ منداڵ گیانیان لەدەستدا کە سیانیان کچن، ئەمەش خراپترین حاڵەتە کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تۆمار کرابێت لەو وڵاتە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە خراپترین ئاستی تاوان دژ بە قوتابخانەیەک ڕۆژی سێشەممە ١١ی ئایار لە ڕوسیا تۆمار کرا، ئەویش گەنجێک دەستڕێژی گولـلە بەسەر کۆشکێکی خوێندنی منداڵاندا دەکات لە شاری قازانی ئەو وڵاتە، بەهۆیەوە ٩ منداڵ گیانیان لەدەستدا، کە سیانیان کچن و یەکێکیان مامۆستایەکیانە، ئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنە کە بەسەر قوتابخانەکانی ڕوسیادا دێت بەهۆی توندوتۆڵی ڕێوشوێنی ئەمنی لە قوتابخانەکاندا.

 

ئاژانسەکانی ڕوسیا لە زاری کەرتی تەندروستی ئەو وڵاتەوە ئاماژەیان بەوەداوە، لە قازان ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە، لە نێوانیاندا ٩یان منداڵی قوتابی قوتانخانەکەن، ١٢ منداڵی دیکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و ٦ منداڵیان دۆخی تەندروستیان باشە.

 

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیان بڵاوکراوەتەوە چەند منداڵێک هەوڵیان داوە لە پەنجەرەی قوتابخانەکەوە هەڵبێن، تەلەفیزۆنی ڕوسیاش ڕایگەیاند دوو لە منداڵەکان بەهۆی خۆفڕێدانیان لە پەنجەرەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

ئاژانسی هەواڵی ریا نۆڤوستی ڕوسی لە زاری سەرچاوەی ئەمبوڵانسەکانەوە ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵیان دەستگیرکردووە، گومان دەکرێت هێرشکارەکە بێت"، هەروەها یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکە بە ئاژانسی هەواڵی تاس-ی ڕوسی ڕاگەیاندووە: ئێمە لە پۆلدا بووین کاتێک دەنگی تەقینەوەیەکمان بیست، پاشان تەقەکردن دەستیپێکرد.

 

ت.پ