دەستەی تەندروستی شەنگال داوای ڕاگرتنی ڕێگرییەکانی عێراق دەکات

دەستەی تەندروستی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ڕاگەیەندراوێکی لە دژی ڕێگریکردن لە شاندێکی تەندروستی ئیتاڵی بۆ شەنگال ڕاگەیاند، تێیدا ئیدانەی ڕێگرییەکانی عێراقی کردو داوای لە ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤیش کرد هەڵوێست دەربڕن.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی ئیتاڵی، کە لە پزیشک و کەسایەتییە خێرخوازەکان پێکهاتبوون، سەردانی عێراقیان کرد، بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئاوارەکانی مەخموور و شەنگال، بەڵام لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە ڕێگرییان لێکرا، شاندەکە دوای ئەوەی لە مەخموور ڕێگرییان لێکرا، کاتێک ویستیان بچنە شەنگالیش لە تەلەعفەرەوە گەڕێندرانەوە و لە موسڵ دەستبەسەر کران، دوای هەموو هەوڵێک شاندەکە، کە چوونە شەنگال، ٢٥ی ئایار لە سنوونێ لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە جارێکیتر ڕێگرییان لێکرا و دەرکران.

 

لە دژی ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لەو شاندە، ئەمڕۆ دەستەی تەندروستی شەنگال، ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانییان بڵاو کردەوە و وێڕای ئیدانەکردنی عێراق، داوای هەڵوێستیان لە ڕێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ کرد.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ پزیشک و کارمەندانی چاودێری تەندروستی لە نەخۆشخانەی شەهیدانی خانەسۆر ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بەو ڕێگرییە بڵاو کردەوە، کە لەلایەن ئەندامی دەستەی تەندروستی دکتۆر شێخ نورییەوە خوێندرایەوەو تێیدا هاتووە: هەڵوێستی هێزەکانی عێراق لە شەنگال و تەلعەفەر بەرامبەر بە شاندی تەندروستی و هاوکاری ئیتاڵی شەرمەزار دەکەین. کە ئەو ڕێکخراوە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ناوچەکە و ئەوانەی لە کامپەکاندا ئاوارەبوون و گەڕاونەتەوە، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستیدا.

 

ئەوەش هاتووە: بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە لە بواری مرۆیی و خزمەتگوزاری و مافەکانی مرۆڤدا کاردەکەن، هەروەها سەرجەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی و بواری مافی مرۆڤ، دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕێگری و هەڵوێستانەی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و هاوکارییەکانیان، کە بە دڵسۆزییەوە هەوڵی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و گرنگەکان دەدەن بە هاوڵاتیان و لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شەنگال.