دەستپێشخەری نون: ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان گەرەنتی ئاشتییە

دەستپێشخەریی نون بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند، ئازادی فیزیکی عەبدوڵا ئۆجالان گەرەنتی ئاشتییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێشخەریی نون بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، کە لەلایەن فێمینیستەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ساڵی ٢٠٢٢ لە بەیروت دەستیپێکرد، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو داوا دەکات بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵی خۆی لە جێبەجێکردنی ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت، پێویستە مەرجی یاسایی دابین بکرێت.

 

ڕاگەیەندراوی دەستپێشخەریی نون بەم شێوەیەیە:

دوای٤٣ مانگ، عومەر ئۆجالان کوڕەزای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان،ڕۆژی٢٣ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٤ لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆبووەوە، عومەر ئۆجالان پەیامی ڕێبەری ڕاگەیاند کە گۆشەگیری بەردەوامە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتی تیۆری و پراکتیکی هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ململانێکان، دەبێت کۆتایی بە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان بهێندرێت، پەیامەکەی ڕێبەر عەبدوڵا کورت بوو، بەڵام لە ناوەڕۆکەکەیدا مانای قووڵی هەڵگرتووە، بێگومان بە لابردنی گۆشەگیری و باشترکردنی بارودۆخەکە، ڕێبەر دەتوانێت بۆچوون و پلانی وەستاندنی خوێنڕشتنەکە بخاتەڕوو، خەڵکی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕەکان بێزارن، بۆیە بەبێ ئەوەی هەنگاوی کردەیی لەم بوارەدا بندرێت، ژیانێکی بە شکۆمەندانە مەحاڵە، ژنان پشتیوانی لە داواکارییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن، پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت و مافی هیوا جێبەجێ بکرێت.

 

"پێویستە دەوڵەتی تورکیا بە جدی لە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان نزیک بێتەوە"

 

دەستپێشخەریی نون ڕایگەیاند: ئەگەر ئەوان جدی بن لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد، وەک لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، پێویستە ڕوو لە ناونیشانی ڕاست بکەن، کە عەبدوڵا ئۆجالانە، کە ٢٥ ساڵە لە ئیمرالیە لەمەرجێکی سەختدا دەژی، پێویستە مەرجە یاساییەکان باشتر بکرێن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ پارێزەرەکانی هەبێت، پێویستە بڕیار بدرێت بۆ ئەوەی متمانە لە نێوان لایەنەکاندا دروست بکرێت و پلانێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەختی و ئاستەنگەکان دابنرێت، داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەین بە جددی لە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان نزیک بێتەوە، چونکە ئەو چارەسەرانەی کە پێشکەشی کردووە، یارمەتی تورکیا دەدەن لە قەیرانی ئابووری دەربچێت و کۆتایی بە گەمارۆی دیپلۆماسی بهێنێت.

 

جگە لەوەش دەستپێشخەریی نون داوای لە زلهێزە کاریگەرەکانی جیهان کرد کە پابەندبن بەڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگرتنی سیاسەتەکانیان دژی مافەکانی مرۆڤ و زیندانییەکان.

 

بانگەوازی بۆ ژنان و دیموکراتەکان

دەستپێشخەریی نون هەروەها داوای لە دیموکراتەکان کردووە پشتیوانی عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و وتی: دەستپێشخەری بۆ چارەسەرکردن، کۆتاییهێنان بە ئازار و مەینەتیەکانی خەڵک بەهۆی شەڕەکانەوە و کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ڕێبەرە، کاتی ئەوە هاتووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتنەکانی بگەڕێنێتەوە و لە ژێر چەتری نەتەوەیەکی دیموکراسیدا ببێتە منارێکی ئازادی و دیموکراسی و ژیانی ئاشتیانە.

 

دەستپێشخەرییەکە داوای لە ژنان کرد پشتیوانی لە هەڵمەتی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و وتی: ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دۆزی ژنی کردە کرۆکی پرسە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها سەلماندی کە بەبێ ژنێکی ئازاد، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ژیانێکی شکۆمەندانە ناتوانێت ڕووبدات.