دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنەکانی دوای نەورۆز شەرمەزار کرا

دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنەکان بەهۆی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ئامەد، ئەدەنە و ڕەحا شەرمەزار کرا و ڕاگایەندرا کە ئەمجۆرە مامەڵەکردنانە زیان بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەگەیەنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

 

لە ٥٣ ناوەندی باکووری کوردستان و تورکیاوە بە دروشمی "نەورۆزی ئازادی و یەکێتی دیموکراتیک" و "نەورۆزی ئازادی و دیموکراسی" جەژنی نەورۆز بەڕێوەچوو. دواتر لە لایەن حکومەتەوە  لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد و خەڵکێکی زۆر دەستبەسەر و زیندانی کران.

 

لە زۆربەی شارەکان سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر ماڵان و دەستبەسەرکردن و گرتنەکان ڕاگایەندراوی ناڕەزایەتی خوێندرایەوە.

 

ئامەد

کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان "توای- دەر" لە بەردەم دادگای ئامەد کۆبوونەوەو وتیان: لە ئەنجامی دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەی نایاسایی خەڵکێکی زۆر گیراون. هەروەها بینیمان چۆن مامەڵە لەگەڵ بابەتی نایاساییدا دەکرێت و چۆن ئاڵای سەوز و سوور و زەرد بە تاوان دەناسرێن، بێگومان دەستگیرکردنەکان زیان بە پرۆسەکە دەگەیەنن و دەبێت گیراوان دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

 

هەروەها لە راگایەندراوەکەدا هاتووە: بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادی گەلان و پاراستنی هەستی ئاسایشی بنەماڵەکان، دەبێت کۆتایی بەم فشارانە بهێنرێت و گەنجانی دەستبەسەرکراو ئازاد بکرێن ئێمە دەمانەوێت دادپەروەری بەدیبێت.

 

ئەدەنەو ڕەحا

هەروەها پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتیکەکانی ئەدەنە لە پارکی ئینونۆ کۆبوونەوە و ڕاگایەندراوێکیان خوێندەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا مانای نەورۆز بۆ گەلی کورد ڕوون کرایەوە و بەرامبەر هەڵکوتانە سەر ماڵان و دەستبەسەرکردن و گرتنەکان کاردانەوە نیشان درا. هاوکات داوای ئازادی سەرجەم زیندانەکانیان و هەنگاونانی یاسایی کرا.

 

بەهەمان شێوە پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتیکەکانی ڕەحا لە بەردەم بارەگای دەم پارتی شارەکە کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە. لە کۆبوونەوەکەدا خەڵکێکی زۆر بەشدار بوون و جەخت لەوە کرایەوە کە فشارەکانی ئێستا زیان بە پرۆسەکە دەگەیەنن، هەروەها داوا لە دەسەڵات کرا بۆ بەرەو پێشچوونی پرۆسەکە دەستبەجێ هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت و داواکرا دەبێت دەستبەجێ زیندانیانی سیاسی لە چوارچێوەی یاسای گشتی دا ئازاد بکرێن.

 

ڕاگەیاندراوەکە بە چەپڵە کۆتایی هات.