نەتەوە یەکگرتووەکان: لە سودان هەزار و ٣٣ کەس گیانیان لەدەستدا

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپاوە، هەزار و ٣٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕ و پێکدادانەکان لە سودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، دوێنێ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی-OCHA ئەو زانیاریانەی بڵاوکردەوە کە لە ١٥ی نیسان و دوای هەڵگیرسانی شەڕەوە لە سودان کۆکراونەتەوە.

 

٢.٨ ملیۆن کەس ئاوارە بوون

لە بەیاننامە نووسراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی ١١ هەفتەی ڕابردوودا ١٥ کارمەندی یارمەتییە مرۆییەکان لە سودان گیانیان لەدەستداوە، ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس لە سودان ئاوارە بوون، ٢ ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵات ئاوارە بوون و ٦١٥ هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتانی دراوسێ بوون، سەرەڕای هەموو سەختییەکانیش، زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس پاڵپشتی ژیانیان پێدراوە.

 

١١ هەزار و ٧٩٦ کەس بریندار بوون

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دەسەڵاتە خۆجێییەکانەوە دەستکەوتوون، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سودان گیانیان لەدەستداوە هەزار و ٣٣ کەسە و ١١ هەزار و ٧٩٦ کەسیش بریندار بوون.