مەقبولە ئۆزەر: زیندانەکان هیچ مەرجێکی مرۆڤایەتی تیادا نییە

مەقبولە ئۆزەر، تەمەن ٨٢ ساڵ کە دوای تەواوکردنی سزای ٢٥٤ ڕۆژەکەی ئازاد کرا، ڕایگەیاند، لەگەڵ منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵ و حەنیفە ئەرسلانی تەمەن ٧٥ ساڵ لە هەمان زیندان ماونەتەوە.

مەدینە مامەد ئۆغلو

 

وان - مەقبولە ئۆزەر، تەمەن ٨٢ ساڵ، لە ٩ی ئایاری ٢٠٢٢ لە ناوچەی ئارتەمێتانی شاری وان، بە تۆمەتی "یارمەتیدانی ڕێکخستن" دەستگیر کرا و لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ئازاد کرا. ناوبراو دوای ئەوەی دەزگای پزیشکی دادوەری ڕایگەیاند کە دەتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە، لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤دا جارێکی دیکە دەستگیر کرایەوە و دوای تەواوکردنی سزای ٢٥٤ ڕۆژ، لە ٣١ی ئاب ئازاد کرا.

 

مەقبولە ئۆزەر ڕایگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ زیندانی نەخۆش حەنیفە ئەرسلان، تەمەن ٧٥ ساڵ و منداڵێکی سێ ساڵان بە ناوی شاهانە لە یەک ژووردا دەماینەوە و بە وتنی "چونکە ئێمە کوردین، ناڵێن پیر و منداڵانن، ئەم کارە دەکەن" بۆ دەزگاکەمان وتی: لە زستان و هاویندا گرفتی جیاواز هەیە، شوێنی زیندانی نەخۆش و منداڵ جیاواز نییە و  زیندانەکان پێداویستییان نییە، من زۆر بیر لەو گەنجانە دەکەمەوە کە لە زیندانەکەدا دەمێننەوە.

 

مەقبولە ئۆزەر ڕایگەیاند، دوای ئازادکردنی، فەرمانی کۆنترۆڵکردنی دادوەری لە دژی دەرچووە و هەفتەی ٤ ڕۆژ دەچێتە بنکەی پۆلیس بۆ ئەوەی واژۆ بکات و دەڵێت: دۆخی من و دایکی حەنیفە لە زیندان خراپ بوو، هەموو ڕۆژێک دەچووە نەخۆشخانە بەڵام دوای ماوەیەک تێگەیشتم هیچ شتێک نەگۆڕاوە و منیش نەمویست بچمە نەخۆشخانە، خواردنی ناوەوە زۆر خراپ بوو. بەهۆی ئەو خۆراکانەوە نەخۆشی جیاواز لەناو زیندانییەکان دروست دەبێت، هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕی، نەخۆشی و ئازارەکانی دایکە حەنیفە زیاتر بوون، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەدا، بەیانی دەچوو بۆ چارەسەر و بە شەو دەهاتەوە، کاتێکیش دەهاتەوە، لەسەر جێگاکەی پاڵدەکەوت و لە بەر ئازار دەیناڵاند.

 

"من بۆ خۆم نا؛ بەڵکو بۆ گەنجان نیگەران بووم"

مەقبولە ئۆزەر ڕایگەیاند کە بە ٣ کیسە دەرمانەوە زیندانەکەی بەجێهێشتووە و نەخۆشییەکانی خراپتر بووە، وتیشی: لە ناوەوە دووجار لەسەر جێگاکەم کەوتمە خوارەوە، سەرم بەر زەوی کەوت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەوا و خواردنەکەش ئەو کەسانەی نەخۆش دەخست، من بۆ خۆم نا، بۆ کەسانی تر خەم دەخۆم و نیگەرانی گەنجانم، زیندان شوێنی مانەوەی گەنجان نییە، من خۆم هەر خاوەن پێداویستی تایبەتم، تا شەو دادەنیشم بەڵام ئەو گەنجانە چۆن لەوێ کات بەسەر ببەن، لە هەمووی زیاتر بەزەییم بەو گەنجانەدا دێتەوە، کە کاتێک نەخۆش دەکەوتن، من زیاتر خەمم بوو. ناو زیندانەکان لە زستاندا زۆر ساردە و لە هاویندا زۆر گەرمە، لە هاویندا جلەکانمان تەڕ دەکرد و لە زستانیشدا بە دە بەتانی کەمێک گەرم دەبووینەوە.

 

"لەگەڵ منداڵێکی ٣ ساڵاندا دەمامەوە"

مەقبولە ئۆزەر ڕایگەیاند، هەموو تەمەنێک لە زینداندا هەبوون، منداڵێک هەبوو بە ناوی شاهان، هەمیشە دەهاتە لای ئێمە و دەیگوت: من لێرە چی دەکەم؟ تاقەتی نەدەگرت، نەک هەر لە بندەکەی ئێمە، بەڵکو لە بەندەکانی تریش منداڵ زۆر بوون، تەنها سەیری تەلەفزیۆنی دەکرد، هەندێک جار هێلکە و بسکیتیان بۆ دەهێنا، منداڵێکی جوان بوو، کە ڕۆشتم تەنانەت ڕێگەم پێنەدرا ماڵئاوایی لێبکەم، جلەکانمیان خستە ناو کیسە زبڵێک و لەبەر دەرگاکە دایاننام.

 

 "موریەکانیان لە لەچکەکەم کردەوە و دووبارە پێیان دامەوە"

مەقبولە ئۆزەر باسی لەوەکرد، کە لە زینداندا سەربازەکان هەمیشە گۆچانەکەیان وەک چەک دەبینی و جارێک ووتویانە 'تۆ گۆچانەکەت نادەیت بە ئێمە؟' ئەویش وەڵامی داوەتە "ئێوە چەکەکەتان بدەن بە من، منیش گۆچانەکەم دەدەم پێتان". مەکبولە ئۆزەر ئەوەشی گێڕایەوە کە جارێک لە زیندان لەچکێکی بە مورووی سەوز و سوور و زەردی دروستکردووە، بەڵام لەچکەکە لەلایەن پاسەوانەکانەوە بردراوە و وتی: لەچکەکەمیان برد و مورووەکانیان لێکردەوە و دوایی دایەوە پێم، هیچ تاوانێکی من و دایکی حەنیفە و ئەو نەبوو، هەرچەندە هیچ تاوانێکمان ئەنجام نەدا، بەڵام لە زینداندا ماینەوە، جێگای ئێمە زیندان نییە، ئێمە ئەمە دەکەن، چونکە کوردین، زیندانەکان پڕن لە کورد و زیندانەکان هەرگیز بۆ نەخۆش و گەنجان نین، پێویستە هەموو زیندانی و منداڵە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن.