"ڕاپەڕینی ژینا هەنگاوێکی گەورەیە لە خەباتی گەلانی ئێراندا"

نێرگس محەممەدی بەندکراوی ئێرانی نامەیەکی بۆ کۆنفرانسی ئاشتی نۆبڵ نووسی و ڕایگەیاند کە "ڕاپەڕینی ژینا" وەک تەقینەوەیەکی کوانتەمی خەباتی گەلی ئێران وایە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنفرانسی ئاشتی نۆبڵ لە ٥ی ئەیلوول لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەڕێوەچوو، منداڵەکانی نێرگز محەمەدی لە کۆنفرانسەکەدا نامەکەی دایکیان خوێندەوە، کە لە زیندانی ئەڤینەوە ناردویەتی و باس لە سەرهەڵدانی دوای کوشتنی ژینا ئەمنینی دەکات و تیایدا لە بارەی سەرهەڵدانەکەوە دەڵێت: "تەقینەوەیەک بوو لە خەبات بۆ دیموکراسی و ئازادی گەلی ئێران"، جەختیشی کردەوە کە خەباتی گەلی ئێران بەردەوام دەبێت و لەم خەباتە سەختەدا هێزی ژنانمان زیاتر کردووە.

 

"ژنان لە سێدارە ناترسن"

نێرگز محەمەدی باسی لە پرۆسەی لەسێدارەدانی ژنان کرد و وتی: ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران وایکردووە زۆرێک لە ژنان ڕووبەڕووی لەسێدارەدان ببنەوە، بەڵام ژنان لە سیدارە ناترسن.

 

لە مەراسیمەکەدا عەلی ڕەحمانی کوڕی نێرگز محەمەدی قسەی کرد و ڕایگەیاند کە، دەزگای نێرگز محەمەدی بەم نزیکانە دەست بە چالاکییەکانی دەکات.

 

ئاندریاس موتزفێڵد کرافچیک، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی نەرویج لەم کۆنفرانسەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە قوڵی نیگەرانە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت لە ڕوانگەی ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤەوە، وتیشی: چالاکوانانی وەک نێرگز محەمەدی ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ لێپرسینەوە لە ڕژێمەکان.

 

"نێرگز محەمەدی ئازایانە لە زیندان درێژە بە کارەکانی دەدات"

شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئێرانیش لەم کۆنفرانسەدا قسەی کرد و وتی: نێرگز محەمەدی بە بوێرانە لە زیندان درێژە بە کارەکانی دەدات.

 

عیبادی لە وتارەکەیدا هەروەها باسی لە کارەکانی چالاکوانی زیندانیکراوی مافی مرۆڤ و پارێزەر نەسرین ستودە کرد و وتی: ئامانجی کۆنفرانسەکە تاوتوێکردنی دابەزینی مافەکانی ژنان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاشتییە، بە مەبەستی بەهێزکردنی ژنان لە هەموو جیهاندا پێویستە هانی یەکسانی ڕەگەزیی بدرێت و چارەسەر بخرێتەڕوو. نێرگز محەممەدی ئێستا لە بەشی ژنان لە زیندانی ئەڤین دەستبەسەرە، گوشارەکان لەسەر ئەو چالاکوانە زیادی کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێنا.

 

سزای جۆراوجۆری بەسەردا سەپێنراوە

نێرگز محەمەدی لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێنا، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییەکانی مافی مرۆڤەوە دەستگیرکراوە و دادگایی کراوە و نزیکەی ٦ ساڵ لە زینداندا بووە، ئەو چالاکوانە مافی مرۆڤە دوایین جار لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا دەستگیر کرا و لەسەر دۆسیەی جیاواز سزای ١٣ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.