ژنانی گەنج: ئەمساڵ دەبێتە ساڵی سەرکەوتنی ژنانی کورد و جیهان

وەک ناردنی پەیامێک بۆ داگیرکەرانیی کوردستان، کوردان لە چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپاوە بەشداری کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە قەندیل دەکەن و ژنانی گەنج دەڵێن: قەندیل دڵی کوردستانە و نەورۆزیش جەژنی کوردانە.

هێلین ئەحمەد

 

قەندیل- ٢١ی ئادار، ئاهەنگی نەورۆز و سەری ساڵی ٢٧٢٤ی کوردی لە قەندیل بە دروشمی "ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ دۆزی کورد " نەورۆز پیرۆز کرا، کوردان لە چوار پارچەی کوردستان و دەروەوی وڵاتەوە بە جلوبەرگی کوردی ڕەنگاوڕەنگەوە بەشداری نەورۆزیان کرد و پەیامی بەرخۆدانی و ئازادییان دا.

 

نەورۆز لە قەندیل بە کردنەوەی ئاگر دەستی پێکرد و وتاری کەژەکە، کەجەکە، کۆمیتەی ئامادەکار، تەڤگەری ئازادی، و چەندین وتاری پیرۆزبایی خوێندرایەوە، هەریەک لە هونەرمەندان فرمێسک حافز، میدیا حسێن، جاسم ساز، هۆزان وڵات، هۆزان شەمدین چەند بەرهەمێکیان پێشکەشکرد و گروپە هونەرییەکانی ئاوازی چیا، گروپی وارگەی مەخموور، نیسار، چیای شەنگال، گروپی هەڵپەڕکێی ڕۆژ و ژینا سەقزی، هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاڤین هەورامی بە پێشکەشکردنی چەندین بەرهەمی شاد، ئاهەنگیان گێڕا.

 

ژنانی گەنج لە ئاهەنگی نەورۆز لە قەندیلەوە پیرۆزبایان نارد و داوایان کرد هەموو ساڵێک بە تینەوە نەورۆز لە قەندیل پیرۆز بکرێت.

 

"هیوادارم هەموو ڕۆژیک ئاگری سەرکەوتن بکەینەوە"

شاجوان شەریف، لە سەنگەسەرەوە بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی لە قەندیل کرد، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی تەواوی بەشداربووانی ئاهەنگە کرد، و وتی: هیوادارم هەموو ڕۆژیک ئاگری سەکەوتن لەم جێگەیەدا بکرێتەوە، هیوادارم هەموو ساڵێک کوردان لە تەواوی جیهانەوە بەشداری ئاهەنگی نەورۆز لە بناری قەندیل بکەن، هەموو ساڵێک سەردانی قەندیل دەکەین بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز، هەروەها هەستێکی تایبەتە لێرەوە پیرۆزبایی و خۆشی خۆمان ئاڕاستەی تەواوی کوردان بکەین.

 

شاجوان شەریف داوای کرد هەموو ساڵێک کوردان لە قەندیل نەورۆز پیرۆز بکەن و وتی: هیوادارم هەموو ساڵێک لێرە کۆ ببینەوە و ئاهەنگی نەورۆز بە خۆشی بکەینەوە.

 

"قەندیل دڵی کوردستانە و نەورۆزیش جەژنی کوردانە"

کاردیا کامیل، لە سلیمانیەوە بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی قەندیلی کردووە، پیرۆزبایی خۆی لە تەواوی کوردان و بەشداربووانی بناری قەندیل کرد و وتی: قەندیل دڵی کوردستانە و نەورۆزیش جەژنی کوردانە، ئەم دوانە پێکەوە پیرۆزترین پرسی کوردە، ئێمە وەک ژنانی کورد هاتووین ئەم یادە پیرۆزە دەکەینەوە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای ئەو پڕوپاگەندانەی لەبارەی مەترسی نەورۆز لە قەندیل دەکرێت، چەندین ساڵە بەشداری مەڕاسیمی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل دەکات و وتیشی: هیچ شتێک بوونی نییە، ئێرە تەنها ترسی دڵی دوژمنانە.

 

لە کۆتاییدا پەیامی خۆی ئاراستەی ژنانی کورد کرد و وتی: هیوادارم ئەمساڵ ببێتە ساڵی سەرکەوتنی ژنانی کورد و جیهان، بتوانن ئەو زنجیر و کۆتانەی کراون، بشکێنن و دەرباز ببن، هەروەها هیوای ئازادبوون بۆ گەلی کورد دەخوازم.