"هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی زامنی پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدییە"

لەیلا ئیبراهیم، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ماڵی ئێزدییەکان لە کانتۆنی جزیرە، ئاماژەی بەوەکرد، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرچاوەی پاراستنی ناسنامە و کولتووری کۆمەڵگەی ئێزدییەکان دەبێت.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، دوای ١٢ ساڵ لە شۆڕشی تەمووز، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای واژۆ کرد. پارادایمی خۆبەڕێوەبەری کە لەسەر بنەمای سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک بە نوێکردنەوەی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی دامەزراوە، هەموو پێکهاتە و نەتەوە و کۆمەڵگەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کۆکردەوەم بۆ ئەوەی ژیانێکی یەکسان و دیموکراتیک لەژێر چەتری مۆدێلی خۆبەڕێوەبەرییدا دەستەبەر ببێت.

 

جگە لە دەیان پێکهاتە و باوەڕ، ژمارەیەک لە کۆمەڵگەی ئێزدی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەن کە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی فەرمانی ٧٤ی جینۆساید بوونەتەوە، لەگەڵ نوێبوونەوەی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی، ئێزدییەکان کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژین لە ڕێگەی کولتوور و باوەڕیانەوە بوونەتە بەشێک لەم سیستم و هاوپەیمانێتییە.

 

سەبارەت بە گرنگی و مانای هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتی، لەیلا ئیبراهیم، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ماڵی ئێزدییەکان لە کانتۆنی جزیرە، هەڵسەنگاندنەکانی خۆی کرد.

 

"خۆبەڕێوەبەری ئەو پرۆژەیەیە کە لە فەرمانەکان دەمانپارێزێت"

لەیلا ئیبراهیم، تیشکی خستەسەر کاریگەری هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتی لەسەر ئێزدییەکان، وتی: خۆبەڕێوەبەری کە پشت بە نەتەوەی دیموکراتیک دەبەستێت، ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی فەرمانەکان دەکات لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی، بۆیە وەک ماڵی ئێزدی نوێنەرایەتی ئێزدییەکان دەکەین لە ناوچەکەدا، ئەرکێکی گرنگمان هەیە لە سیستمی خۆبەڕێوەبەریدا، ئێمە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بە پیرۆز دەزانین و ئەم سیستەمەمان هەڵبژاردووە و خۆمان بە پێی بنەماکانی خۆمان ڕێکدەخەین، کۆمەڵگەی ئێزدی بە چەندین فەرماندا تێپەڕیوە کە لە ئەنجامدا زۆر شتمان لەدەستداوە، بەڵام بە خۆبەڕێوەبەری زیندوو بووینەوە و دەتوانین جارێکی دیکە ناسنامە و کولتوور و مێژووی خۆمان ئاشکرا بکەین، لەبەر ئەم هۆکارە، لە ڕێگەی ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا دەرفەتێکی گەورە وەردەگرین بۆ ئەوەی داهاتوویەکی دیموکراتیک و ئازاد بونیاد بنێین.

 

"بە ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدی پرۆژەکەمان جێبەجێ دەکەین"

لەیلا ئیبراهیم وتیشی: وەک ژنانی ئێزدی دەتوانین خۆمان ڕێکبخەین و ببینە هێزی گەڕاندنەوەی ئەو ژنانەی لە فەرمانی ٧٤دا ڕفێندران، بەهۆی ئەو هەڵمەتە مرۆیی و ئەمنییەوە کە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەژە و قەسەدەوە لە کامپی هۆڵ ئەنجام دراوە، سەدان ژنی ونبوو هەیە، بۆیە بە پێویست و گرنگی دەزانین کە هەندێک جار هەڵمەت لەم ئاستەدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانین سەرچاوەی ئازادی ژنانی ژێر دەستی چەتەکانی داعش بین، کۆمیتەیەکی تایبەتی ماڵی ئێزدیمان هەیە کە کاری ئێمە بە تایبەتی بۆ ئازادکردنی ژنانی ئێزدییە، لەبەر ئەم هۆکارە سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە دەتوانین خاوەنداری لە ژنانی ڕفێندراو بکەین، لەم بارەیەوە سوورین، خەباتمان بەردەوام دەبێت.

 

"خاوەنداری لە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی دەکەین"

لەیلا ئیبراهیم ئاماژەی بەوەکرد، واژۆ کردنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی مسۆگەری پاراستنی بەهاکانی شۆڕش دەکات و وتی: دەستکەوتەکان و بەهاکانی شۆڕش لە ڕێگەی یەکگرتوویی پێکهاتەکانی ناوچەکەوە بەدەست هێندراون، بۆیە واژۆ کردنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی واتای بەردەوامبوونی ئەو یەکگرتووییەیە کە بەدەستهاتووە، بە تایبەتی بۆ ئێمەی ئێزدی، ئەمە یەکەم جارە کە سیستم و هاوپەیمانیمان هەبێت، هێشتا سنووردارکردن هەیە لەسەر پاراستنی باوەڕ و بەها و دەستکەوتەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی، زۆر خۆشحاڵین کە ئەمە دەبێتە هۆی پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ژنانەی ڕفێندراون.