مەریەم ئەبو دەقە، چالاکوانی فەڵەستینی دوای دەرکردنی لە فەڕەنسا دەچێتە میسر

دوای ئەوەی ئەنجومەنی دەوڵەتی فەڕەنسا بڕیاری دەرکردنی مەریەم ئەبو دەقە، چالاکوانی فەڵەستینی دا، فەڕەنسا بەجێدە‌هێڵیت و بەرەو میسر دەڕوات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی دەوڵەتی فەڕەنسا بۆ دەرکردنی مەریەم ئەبو دەقە، چالاکوانی فەڵەستینی بە بیانووی هەڕەشەکردن لەسەر سەقامگیری سیستمی گشتی فەڕەنسا، چالاکوان مەریەم ئەبو دەقە بەرەو میسر ڕۆیشت.

 

بەگوێرەی سەرچاوەکانی پۆلیسی فەڕەنسا کە ڕۆژی هەینی ١ی تشرینی دووەم ڕاگەیەندرا، مەریەم ئەبو دەقە، چالاکوانی فەڵەستینی دوای ئەوەی فەڕەنسا بڕیاری ناردنەوەی پەسەند کرد بە بیانووی ئەوەی بوونی لەسەر خاکی فەڕەنسا هەڕەشەیە بۆ سەر سیستمی گشتی بەتایبەتی دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەم، دەچێتە میسر.

 

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، مەریەم ئەبو دەقە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو دادگاییەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە شایانی حکومەتێکی دیموکرات نییە، بەڵکو دادگاییکردنی شۆڕشی فەڵەستینییە، ئەمە هێرشێکە بۆ سەر مافی فەڵەستین بۆ هەبوونی دەوڵەت و ناسنامە.

 

هەروەها ئێلسا مارسێل، پارێزەری مەریەم ئەبو دەقە جەختی لەوە کردەوە، پشتیوانیکردنی فەڵەستین بە تاوان دادەنرێت، سکاڵا تۆمار دەکەین و ئەگەر پێویست بکات دەچینە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا.

 

دادگای بەڕێوەبردنی پاریس فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی هەڵپەسارد بۆ دەرکردنی مەریەم ئەبو دەققەی تەمەن ٧٢ساڵ و دواتر لە ٨ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی دەرەوە بڕیارەکەی پەسەند کرد بۆ دەرکردنی لە وڵاتەکە.