"یەکێتی و یەکگرتوویی گەلان شکست بە هێرشەکان دەهێنێت"

ژنان ئاماژەیان بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت یەکێتی و یەکگرتوویی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی هێرشەکانیەوە تێکبشکێنێت، بەڵام بە ڕۆحی یەکگرتوویی گەلان و یەکسانی، پلانەکانی داگیرکاری تێکدەشکێت.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا فراوانتر کردووە، هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژنان و منداڵان و ژێرخانی ناوچەکە کرانە ئامانج. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکە تا ئێستا بەردەوامەو ژنانی دانیشتووی شاری شەهبا کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر هێرشەکان دەربڕی و وتیان: بە یەکێتی و یەکگرتوویی ئەو هێرشانە هەڵدەوەشێننەوە.

 

"ئامانجی هێرشەکان تێکدانی یەکگرتووییە لەنێوان گەلاندا"

ئیلفەت حەنان، یەکێک لە کوردەکانی عەفرین، ئاماژەی بەوە کرد یەکگرتوویی گەلان لە دژی هێرشە کوشندەکان نیشاندراوە و وتی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، یەکگرتوویی لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا دامەزراوە و سیستمێکی یەکسانی بەردەوامە، ئەم سیستمەی نەتەوەی دیموکراتیک کە دەوری هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی داوە، دژی سیستمە دەسەڵاتدارییەکان و بەرژەوەندییەکانە بە تایبەتی، دەوڵەتی تورکیا،  نایەوێت کوردەکان دەستکەوتییان هەبێت، هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە فراوانتر دەکات، ئامانجی ئەوەیە لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە یەکگرتوویی گەلان تێکبشکێنێت و ناکۆکی لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا دروست بکات، یەکگرتوویی ئێمە لە دژی هێرش و هەڕەشە بەهێزتر دەبێت و خەڵکی ناوچەکە لە هاوکاریدان کە هیچ کەس ناتوانێت ئەم یەکگرتووییە لەناو ببات.

 

"بە یەکێتی و یەکگرتوویی هێرشەکان تێکدەشکێنین"

مەجدۆلین شێخۆ لە پێکهاتەی عەرەبی کانتۆنی شەهبا هەڵوێستی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو هێرشانەی کە یەکێتی گەلان دەکەنە ئامانج و وتی: خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژیانێکی یەکسان و دادپەروەرانە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان دەژین، لەوانە عەرەبەکان، کوردەکان، تورکمانەکان، ئەرمەنییەکان، هەروەها لە شەهبا ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکدا ئەنجام دەدرێت، لە هەمان کاتدا، هەڵوێستمان دژی هێرشەکان گەورەترین وەڵامە بۆ دوژمن کە بە یەکێتی و یەکگرتوویی هێرشەکان بەتاڵ دەکەینەوە، هێز و تێکۆشان لە یەکتر وەردەگرین، ڕۆژێک ئەردۆغان خاکی ئێمە جێدەهێڵێت و بەرخۆدانمان سەرکەوتوو دەبێت، لەبەر ئەوەی خاکەکەمان خاکی ئێمەیە، هێزمان بە بیری ئازادانەی ڕێبەر ئاپۆ بەهێزتر دەبێت.