"حەوت زستان لە تاران"... فیلمێکی دیکۆمێنتارییە کە چیرۆکی ڕیحانە جەباری دەگێڕێتەوە

فیلمی دۆکیۆمێنتاری "حەوت زستان لە تاران" بە خستنەڕووی چیرۆکی لەسێدارەدانی ئەندازیار ڕیحانە جەباری بۆ بەرگریکردن لە خۆی، تیشک دەخاتە سەر ئازارەکانی ژنان لە ئێران.

ناوەندی هەواڵ

 

شوعلە پاکرەوان، دایکی ڕیحانە جەباریی قوربانی دەستدرێژی و سێدارە، داوای کرد بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ئێران سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە، ڕێوشوێن بگیرێتەبەر.

 

دوێنێ ١٨ی شوبات لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینی ٢٠٢٣، فیلمی دیکۆمێنتاریی "حەوت زستان لە تاران"، باس لە لەسێدارەکانی ڕیحانە جەباری دەکات لە ساڵی ٢٠١٤دا، نمایشکرا.

 

فیلمەکە دۆکیۆمێنتاری درێژە و لەسەر بنەمای چیرۆکی ڕاستەقینەی کچێکە کە هەوڵی دا بەرگری لە خۆی بکات، کاتێک پیاوێک هەوڵی هێرشکردنە سەری دا بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی سیستەمێک کە ژنان و مافەکانیان گۆشەگیر دەکات.

 

ئەم فیلمە تیشک دەخاتەسەر چیرۆکی حەوت ساڵ ژیانی پڕ لە ئازاری زیندانی ڕیحانە جەباری،  نامەکانی لە زیندانەوە بەڵگەی بەهێز بوون لەسەر ئەو تێکەڵە ئازار و هۆشیارییەی ڕیحانەی ١٩ ساڵ هەیەتی، لە کاتێکدا تۆمەتبارە بە کوشتنی پیاوێک کە هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەری داوە.

 

پەیامەکانی ڕیحانە جەباری لە فیلمەکەدا بە دەنگی زەهرا ئەمیر ئیبراهیمی، ئەکتەری ئێرانی خوێندرایەوە، هەروەها زنجیرەیەک فایلە دەنگی و ڤیدیۆیی و وێنە پێشکەشکران کە بە نهێنی لەلایەن بنەماڵەی ڕیحانە لە ساڵانی زیندانیکردنیدا تۆمارکراون.

 

لە پەراوێزی پەخشکردنی فیلمە دیکۆمێنتارییەکەدا، شوعلە پاکڕەوان، دایکی ڕیحانە جەباری، داوای ڕزگارکردن و پاڵپشتیکردنی گەنجانی سزادراوی لەسێدارەدانیان لە ئێران کرد، "شانازی دەکەم کە دایکی ڕیحانە جەباری کچێکی ئازای ئێرانیم، بەڵام ئەو ئیتر بوونی نییە".

 

ڕیحانە جەباری، لەکاتێکدا لەلایەن بەرپرسێکی ئێرانییەوە دەستدرێژی کرایەسەر و پارێزگاری لە خۆی کرد، بووەتە قوربانی دەستدرێژی سێکسی و لە ساڵی ٢٠٠٥دا بە تۆمەتی کوشتن لە زیندانی رەجائی شاری کەرەج دەستبەسەرکرا.

 

دەزگای قەزایی ئێران باوەڕی بە ڕاستی ڕووداوەکە نەکرد، بۆیە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، سەرەڕای کۆکردنەوەی سەدان هەزار واژۆ و داواکاری وەستاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ ڕیحانە جەباری، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا جێبەجێکرا و لە سێدارەدانی ڕیحانە جەباری کۆتایی بە گرنگیدانی جیهان بۆی نەهێنا، بەڵام پەیامەکەی تا ئەمڕۆ کاریگەرە.