بەریتانیا داوای لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ژینا ئەمینی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد دیپلۆماتی باڵای ئێران لە لەندەن بانگهێشتکراوە و لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی داوای لێکۆڵینەوەی ورد و ڕوونی لێکراوە.

 ناوەندی هەواڵ

 

جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بانگهێشتی مەهدی حوسەینی مەتین، دیپلۆماتکاری باڵای ئێرانی لە بەریتانیا کردووە بەمەبستی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ژینا ئەمینی، تەمەن ٢٢ ساڵ کە ڕۆژی ١٥ی ئەیلول بە بیانووی ئەوەی حیجابی بە باشی نەکردووە ئەشکەنجە درا و پاشان کوژرا.

 

بانگێشتکردنی دیپلۆماتکاری باڵای ئێران لە لەندەن بۆ ئەوەش بووە کە دەربارەی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە گفتوگۆ بکەن کە لەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە وڵاتەکەدا بە پێشەنگایەتی ژنان ڕاپەرین بەرپا بووە.

 

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، کلێڤەرلی بە دیپلۆماتکارە ئێرانییەکەی وتووە کە بەکارهێنانی تووندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە قبوڵکراو نییە و وتویەتی: "لە جیاتی لۆمەکردنی بکەرە دەرەکییەکان لەسەر ئاڵۆزییەکان، دەبێت خۆیان بەرپرسیارێتیی کردەوەکانیان لە ئەستۆ بگرن و گوێ بۆ نیگەرانییەکانی هاوڵاتییەکانیان بگرن، بەریتانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی بەردەوام دەبێت لە ناساندنی ئێران وەکو بەرپرسیار لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ".