دەستدرێژی سێکسی سەر ژنان لە شەمەندەفەردا تووڕەیی خەڵکی لێکەوتەوە

سێ گومانلێکراو بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە فارگۆنێکی چۆڵی شەمەندەفەردا لە شاری کەراچی پاکستان دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

هەفتەی ڕابردوو لە شاری کەراچی پاکستان ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە ڕێگادا لە شەمەندەفەرێکی جوڵاودا لەلایەن سێ پیاوەوە دەستدرێژی کرایە سەر ئەم ڕووداوە تووڕەیی لای ڕای گشتی پاکستان دروستکردووە و خەڵکی ئەفغانستانیش داوای سزادانی تاوانبارانیان کردووە.

 

فەیسەڵ شاکار، بەرپرسی پۆلیسی هێڵی شەمەندەفەرەکە وتی: "ژنەکە تەمەنی ٢٥ ساڵە و دایکی دوو منداڵە، هەفتەی ڕابردوو لە شەمەندەفەردا بووە کاتێک لەلایەن پشکنەری بلیتەوە نێردراوە بۆ ناو ئەو بەشە بەتاڵە و لەلایەن سێ پیاوەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر".

 

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی پۆلیس، ڕۆژی دووشەممە دوو لە گومانلێکراوەکان دەستگیرکراون و ڕۆژی سێ شەممەش سێیەم کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکانی ئاسایش ئەو شەمەندەفەرە لە دەستی کۆمپانیایەکی تایبەتدایە و کۆمپانیا تایبەتەکەش تۆمەتبارکراوە بە نەپاراستنی سەلامەتی سەرنشینان،  هەروەها داوای دادپەروەری و بە سزا گەیاندنی تاوانباران دەکەن.

 

ئەم ڕووداوە تووڕەیی لە نێوان دەزگا یاساییەکان و چالاکوانان و خەڵکدا دروستکردووە و زۆربەی خەڵک داوای سزای توند دەکەن بۆ تاوانباران، بەپێی ئامارە فەرمییەکان پاکستان بە یەکێک لە مەترسیدارترین ئەو وڵاتانە دادەنرێت کە ژنان تیایدا پارێزراونین، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٤٠٠٠ ژن کە بە نزیکەیی ١١ ژن لە ڕۆژێکدا دەکات، لە پاکستان دەستدرێژیان دەکرێتە سەر، بەڵام کەمتر لە سێ لە سەدی تاوانکاران سزادراون.