ژنانی عەفرین: ڕێگای ساکینە ڕێگای ئێمەیە

ئەندامانی ناوەندی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی عەفرین- شەهبا، کۆمەڵکوژییەکەی ٩ی کانوونی دووەمی پاریسیان بەبیرهێنایەوە و ئیدانەی بە ئامانج گرتنی پێشەنگانی ژنانیان کرد.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- سێ سیاسەتمەداری کورد ساکینە جانسز "سارا"، فیدان دۆغان "ڕۆژبین" و لەیلا شایلەمەز "ڕۆناهی" لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لەلایەن سیخوڕی دەوڵەتی تورکەوە تیرۆرکران، ژنان ڕایانگەیاند، کە بە ئامانج گرتنی سێ ژنی سەرکردە بە ئامانج گرتنی هەموو ژنانی ئازادە و بەو کۆمەڵکوژییە ویستیان جارێکی تر ژنان قڕبکەن، بە نزیکبوونەوەی نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس، ئەندامانی ناوەندی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی عەفرین- شەهبا، بۆچوونی خۆیان خستەڕوو.

 

"تووڕەیی بۆ تۆڵەی پاکڕەوانمان لە زیادبووندایە"

شیرین حەسەن، ساڵیادی بەئامانجگرتنی سێ ژنە سەرکردەی لەپاریس بەبیرهێنایەوە و وتی: "ئێمە کۆمەڵکوژییەکەی پاریس بە توندی شەرمەزار دەکەین و داوای لێپرسینەوەش دەکەین لەو کەسانەی کە ئەم کۆمەڵکوژیەیان ئەنجام داوە، شەهید ساکینە داوای مافی ژنانی چەوساوەی کرد و یەکەم ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنان بوو کە لە دژی عەقڵییەتی پیاوسالاری و چەوساندنەوەی ژنان تێدەکۆشا، بۆیە بووە ئامانجی ئەو عەقڵیەتەو شەهید بوو، ساکینە و هاوڕێکانی لە پاریس بۆ ئازادی ژنان کاریان دەکرد شەهید ساکینە هەمیشە هەوڵی داوە ژنان لە ستەم و کۆیلایەتی ڕزگار بکات، بە ئامانج گرتنی هەرسێ ژنە پیشەنگەکە لەبەر ئەوە بوو، ئێمە ئەو ڕێگایە دەگرینەبەر  کە ساکینە پێیدا ڕۆیشت، بە بەئامانجگرتنی پێشەنگەکانمان هێز و ئیرادەی ئێمە هەرگیز ناشکێنرێت، بە پێچەوانەوە تووڕەیی تۆڵەسەندنەوە زیاتر دەبێت و تۆڵەی پاکڕەوانمان دەکەینەوە ئێمە خەونەکانی ساکینە و هاوڕێکانی بەدیدەهێنین و کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان دروست دەکەین".

 

"بەو کۆمەڵکوژییە دەیانویست بزووتنەوەی ژنان لەناوبەرن"

ئارین عەلی، کۆمەڵکوژییەکەی پاریسی شەرمەزار کرد و وتی: "ئێمە بەرەو ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس دەڕۆین، ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەین کە ساکینە و هەڤاڵانی کردە ئامانج، پاریس بانگەشەی دیموکراسی و ئازادی دەکات، بەڵام لەناو دەوڵەتەکەیدا کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدرێت و بێ لێپرسینەوە دەمێنێتەوە، ئەو کۆمەڵکوژییە لە ڕێگەی هەواڵگریی دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرا، بە ئامانج گرتنی ساکینە و هەڤاڵانی بە ئامانج گرتنی هێڵی ئازادی ژنان و هەروەها شەهیدبوونی ئەو بوو، واتە هەڵگیرسانی شەڕ لە دژی ئایدیۆلۆژیای ڕزگاری ژنان، بەم کۆمەڵکوژییە دەیانویست بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان و هەموو جیهاندا لەناوبەرن، بەڵام ئامانجەکانیان بەدەست نەهات و تا ئەمڕۆش ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهان بۆ ئازادی تێدەکۆشن".