چلەی ماتەمینی ژنە تێکۆشەر کوێستان داودی بەرز ڕاگیرا

بە بەشداری سەدان کەس مەراسیمی چلەی ماتەمینی کوێستان داودی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، کە تیایدا خەبات و تێکۆشانی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە وەبیرهێنرایەوە.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی چلەی ماتەمینی کوێستان داودی ژنە تێکۆشەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری چەندین کەسایەتی سیاسی و چالاکوان و ئازادیخواز بەرز ڕاگیرا.

 

سەرەتای مەراسیمەکە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر سینەفزیۆنێک لەسەر ژیانی کوێستان داودی پیشاندرا و باس لە خەبات و تێکۆشانی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە کرا کە هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە دەستی کردوە بە خەبات بۆ ئازادی ژن.

 

لە کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە مەرگی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد کوێستان داودی بۆ ئەو شۆڕشە بڕیاریدا جلی کوردی سور لەبەر بکات و بە دەنگی خۆی سرودێک بخوێنێتەوە، بەڵام مەرگ ڕێگەی پێنەدا.

 

 هەر لە درێژەی مەراسیمەکەدا لە لایەن هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کوێستان داودی مۆم بۆ گیانی پاکی ئەو ژنە تێکۆشەرە داگیرسێندرا و سرودێک پێشکەشکرا.

 

وتاری کۆمەڵەی کۆمۆنیستی کوردستان، لەلایەن سروە ناسریەوە خوێدرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، " کوێستان داودی وەک ژنێکی خەڵکی مەهاباد بەشداری ڕاپەڕینەکانی کردووە و هەمیشە لە خەبات و تێکۆشاندابوو بۆ ڕزگاری و ئازادی نەتەوەکەی."

 

کنێر عەبدوڵا، وتاری یەکێتی ژنانی کوردستانی خوێندەوە و وتی" لە ناو ئەم دۆخە نالەبارەی کوردستان مەرگی کوێستان داودی کۆسپێکی تری گەورە بوو، ئەم ژنە خەباتکارە هەرچەندە نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنیبوو، بەڵام لە خەبات بەردەوام بوو بۆ کۆمەڵگە و ژنان، کۆچی ئەم ژنە شۆڕشگێڕە کەلێنێکی گەورەی دروست کرد."

 

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی کۆمیتەی دیبلۆماسی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -کژار ئەوەی خستەڕوو، " کوێستان داودی بە جەستە لامان نیە، بەڵام بە فکر و بۆچوونەکانی لەگەڵماندایە، کوێستان داودی هەمیشە ژنان و کۆمەڵگەی بە ڕێکخستن دەکرد و هەوڵی بۆ ئازادی ژنان دەدا، ئێمەش وەک هاوڕێیانی بەردەوام دەبین لەسەر تێکۆشانەکەی و درێژە بە خەباتی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە دەدەین."

 

پەروین نوری، هاوڕێی کوێستان داودی ئاماژەی بەوەکرد، " ژنانی گەنجی ڕۆژهەڵات خۆشبەختن کە ژنێکی وا پێشەنگایەتی شۆڕشی بۆ کردوون، چونکە بووە بە سیمبۆلی تێکۆشان و ئێمەش وەکو ژنان لە یادی ناکەین و بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازەکەی."

 

کوێستان داودی ژنە شۆڕشگێڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تەمەنی تەرخانکردبوو بۆ ئازادی و ڕزگاری ژنان لە هەر چوارپارچەیی کوردستان، پاش ساڵانێک لە تێکۆشان لە کاتی ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە ٢٤ کانوونی دووەم  کۆچی دوایکرد.