دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بوو ڕۆژنامەنووس فاتمە کەریری کۆچی دوایی کرد
بۆردوومانی بەردەوامی باکووری کەرتی غەززە بووە هۆی ئەوەی کە ڕۆژنامەنووس فاتمە کەریری تووشی جەڵتەی دڵ بێت و هەرچەندە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام گیانی لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١٩ی تشرینی دووەم، ڕۆژنامەنووس فاتمە کەریری، کە لە کەناڵی قودس کاری دەکرد، دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی سەختی دڵ بوو لە ئەنجامی بۆردوومانی بەردەوامی باکووری کەرتی غەززە، بە پێی سەرچاوە خۆجێییەکانی فەڵەستینیش گواسترایەوە بۆ سەنتەری پزیشکی شیفا، بەڵام دەستبەجێ لە شوێنی خۆیدا گیانی لەدەستدا.
بەمەش ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کەرتی غەززە دوای زیاتر لە ساڵێک لە دەستپێکردنی شەڕ گیانیان لەدەستداوە، هەروەها دوای کوژرانی ڕۆژنامەنووسێکی دیکە بەناوی ئەحمەد ئەبو شیعە کە دوێنێ لە باکوور و باشووری کەرتی غەززە بەهۆی بۆردوومانی گەڕەکی سەبرە کرایە ئامانج، بۆ ١٩٠ ڕۆژنامەنووس بەرزبووەوە.
هەروەها ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون، گەیشتووەتە ٤٠ ڕۆژنامەنووس کە لە سەرەتای شەڕی کەرتی غەززەوە ناویان ناسراوە.
دانیشتووانی باکووری کەرتی غەززە بەدەست بارودۆخی ژیانی دڵتەزێنەوە دەناڵێنن لە ژێر ڕۆشنایی شەڕی بەردەوام و ئەو گەمارۆ سەختەی کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە سەپێندراوە، کە بووەتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی کە بەدەست نەخۆشیی و برسێتییەوە دەناڵێنن، هەروەها نەخۆشخانەکانیش بەهۆی هێرشەکان و نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکییەوە لەکار وەستاون.