لیژنەی ڕاستییەکان: سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان لە ئێران پێویستی بە لێپرسینەوە

لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە گوشاری زیاتر بخەنە سەر تاران و کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و ڕێگری لە پەسەندکردنی یاسا سەرکوتکەرەکانی وەک پڕۆژە یاسای "باڵاپوشی و پاکیزەیی (عفاف)" بگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆتێکدا داوای لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ڕێگری لە پەسەندکردنی یاسا سەرکوتکەرەکانی وەکوو پڕۆژە یاسای "باڵاپۆشی و پاکیزەیی" بکەن و تاوانبارانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دادگایی بکەن، هەروەها خوازیاری پشتیوانی لە قوربانیان بوو.

 

ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەڕای کەمبوونەوەی کاتی ناڕەزایەتییەکان، ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە چڕکردنەوەی ڕێوشوێنە سەرکوتکەرەکانی و لە تەکنۆلۆژیای چاودێری و یاسای توند بۆ سنووردارکردنی ئازادییە سەرەتاییەکانی ژنان کەڵک وەردەگرێت. هەروەها لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان داوای دابینکردنی مافی پەنابەری و پاڵپشتی مرۆیی بۆ لێقەوماوان بەتایبەت ژنان و منداڵانی کردووە.

 

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن ئەنجوومەنی مافی مرۆڤەوە، بۆ لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامە لەسەر هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا پێکهێنرا. ئەم لیژنەیە کە پێکهاتووە لە سارا حسێنیار (سەرۆکی لیژنەکە) و شاهین سەردار عەلی و یویانا کرێستیسویک، گرنگییەکی تایبەتی لەسەر دۆخی ژنان و منداڵان هەیە و هەوڵدەدات دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و کەسوکارەکانیان پێکبهێنێت.

 

دەرئەنجامەکانی ئەم لێژنەیە ماوە بە ماوە دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆتایی هێنان بە سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان لە ئێران پێویستی بە لێپرسینەوە و پشتیوانی نێودەوڵەتی لە قوربانییەکان هەیە.