لە باشووری کوردستانەوە میت و پاراستنی پەدەکە تۆڕی سیخوڕی پەرە پێدەدەن
زنجیرە دیکومینتاری دەستی تاریک لە کەناڵی ڕۆناهی تی ڤی، لە بەشی یەکەمی دا باس لە سیخوڕ دەکات کە لەلایەن میت و پاراستنی پەدەکەوە هاوکاری کراون تا تێکۆشەرانی کورد بکەنە ئامانج.
ناوەندی هەواڵ
لە کاتێکدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی هەیە، ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەنەکەسە و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە باس لەوە دەکەن کە سیاسەتمەدارانی ئەنەکەسە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستبەسەر کراون، بەڵام زنجیرە دیکومینتاری دەستی تاریک لە کەناڵی ڕۆناهی تی ڤی ڕاستییەکان دەردەخات.
لە بەشی یەکەمی دیکۆمێنتارییەکەدا باس لە چوار سیخوڕ دەکات کە لەلایەن میت و پاراستنی پەدەکەوە هاوکاری کراون تا تێکۆشەرانی کورد بکەنە ئامانج، ئەو چوار سیخوڕە بە ناوەکانی عەلی محەمەد محمود، محمەد ڕەجەب حسێن، ئورهان ڕزوان حسن و بورها ڕزوان حەسەن لە ژێر دەسەڵاتی پەدەکە و لەلایەن پاراستی پەدەکە و میتەوە کراون بە سیخوڕ و نێردراون بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و کاری سیخوڕییان کردووە.
لە ناو لێکۆڵینەوەکەدا پەیوەندییەکانی دەزگای زانیاری دەوڵەتی تورکیا-میت، دەزگای زانیاری پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە و ئەنەکەسە دەخاتە ڕوو کە چۆن تۆڕی سیخوڕییان لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشخستووە و ڕێگە بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و بە ئامانجگرتنی فەرماندە و خەڵکی مەدەنی خۆشکردووە.
سیخوڕەکان لە ژێر دەسەڵاتی پەدەکەدا پەروەردە دەکرێن
لە بەشی یەکەمی بەرنامەکەدا کە تیشک دەخەنە سەر کامپی بەردەڕەش و دوومیز سەر بە پارێزگای هەولێر لە باشووری کوردستان، ڕوون دەبێتەوە هێزەکانی دەزگای پاراستن لە باشووری کوردستان پەیوەندی بە گەنجانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و ئەوان دەهێننە باشووری کوردستان و بە گوێرەی دانپێدانانی ئەو سیخۆڕانە لە ڕێگای پارە، مادەی هۆشبەر و دەستدرێژی کردنە سەریان، بەشداری ئەم توڕە سیخوڕییانەیان دەکەن و دەیانبەنە ناوەندی دەزگای پاراستن لە سێمێلی پاریزگای دهۆک، پاش ١٥ ڕۆژ پەروەردەکردنیان، لە ڕیگەی مۆبایل و ئینتەرنێتەوە کاری سیخوڕییان پێدەکەن.
دانپێدنانی ئەو سیخوڕانە پەیوەندی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە و ئەنەکەسە نیشان دەدات و یەکێک لە داخوازییەکانیان لەم سیخوڕانە خستە ژێر چاودێری فەرماندەکانە لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ئەنجامی سیخوڕیدا سێ فەرماندە شەهید دەبن.
یەکێک لە سیخوڕەکان دەڵێت:" دەزگای پاراستن لە ڕێگای نەخشەوە، داوای زانیاری کاتی هاتوچۆ و دانانی و جی پی ئێسیان لێکردووین و دەیانویست فەرماندار سۆزدار دێرک و مەحمود بەرخۆدان لە ڕێگای جی پی ئێسەوە چاودێری بکەن و ئەوان بکەنە ئامانج".
لەم بە دواداچوونەدا ئاشکرا دەبێت کە ئەم سیخوڕانە لە ئۆپەراسیونێکی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان و لە هەنگاوی شەهید شەڤگەر، ناگیهان ئاکارسەل و کارکەر دەستگیر کراون، کە زۆر جێگەی گرنگیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دەزگای پاراستنی پەدەکە دیاری کردووە و دەوڵەتی تورکیاش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەریان.
لە بەشەکانی دیکەی دۆکۆمێنتارییەکەدا زانیاری ورد و زیاتر لە بارەی کردەوەکانی تۆڕە سیخوڕییەکان و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە و ئەنەکەسە دەخرێتەڕوو.