هۆشداری لە پەتای سکچوون و ڕشانەوە دەدرێت

بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوون و ڕشانەوە، تەندروستی سلێمانی و گەرمیان هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیان سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوە، هاوکات چەند ڕۆژێکە پەتای سکچوون لەگەرمیان زیادی کردووە و لە ڕۆژێکدا ٣٥ تووشبوو تۆمار کراوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان ڕایگەیاند، هۆشداری دەدەینە هاوڵاتیان، بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێکە حاڵەتەکانی سکچوون لە ناوچەکەدا زیادی کردووە، تەنها لە دوێنێوە ٣٥ حاڵەتی نوێی توشبوون تۆمارکراوە.

 

ڕاشیگەیاندووە، حاڵەتەکانی توندنین و توانراوە کۆنترۆڵبکرێت، هاوکات تیمەکانی تەندروستیی سەرقاڵی پشکنینی تایبەتن بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاووڵاتییان پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی بگرنەبەر، وەک پاکوخاوێنی، دڵنیابوونەوە لە پاکی و شیاویی ئاوی خواردنەوەیان، داواکارین هاووڵاتییان دووربکەونەوە لە خواردنێک، کە سەری دانەپۆشراوبێت یان دڵنیانەبن لە پاکبوونی، هەروەها پێویستە بەردەوام دەستیان بشۆن.

 

تەندروستی گەرمیان داواش دەكات، لە کاتی بوونی حاڵەتی نەخۆشیی سکچووندا، ڕێنماییە پزیشکییەکان بە باشیی جێبەجێ بکەن و لە ئەگەری توندبوون و بەردەوامیی نەخۆشییەکەدا سەردانی نەخۆشخانە بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.