بەشی زۆری کرێکاران لە مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بێبەشن

ژمارەی ئەو کرێکارانەی تا ئێستا دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە بڵاوکرایەوە، هەر کرێکارێک دەستەبەری هەبێت مافەکانی لای خاوەنکار ناهێڵرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئامارێکی بڵاوکردووتەوە، تا ئێستا ١٣٨ هەزار و ٩٢ کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەرکراون، هەروەها سێ هەزار و ٢٦٣ کەس لەسەر سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خانەنشین کراون.

 

دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێک یاساییە لە ڕێگایەوە خزمەتگوزاری ماددی پێشکەش بە کارمەندان و کرێکارانی کەرتی تایبەت دەکرێت، وەک خانەنیشینی لە کەرتی گشتیدا، لە ماوەی کارکردنی کرێکاریدا لە کەرتی تایبەتدا ئەوا ناوی خۆی لە بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا تۆماردەکات.

 

مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکرد، "پڕۆسەی دەستەبەرکردنی کرێکاران، لەپێناو خانەنشینبوون و قەرەبووکردنەوە و پاداشتی کۆتایی خزمەتیانە، کرێکاران دەتوانن سوود لەم دەستەبەرە وەربگرن و لە رێگەی چەکی بانکییەوە تەواوی شایستە داراییەکانیان وەربگرن."

 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی دابین بۆ ساڵی ٢٠١٥، زیاتر لە ٧٢٤ هەزار و ٩٧٧ کارمەند و کرێکاری کەرتی تایبەت هەیە، ئەو ژمارەیەی کرێکار کە دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە ڕێژەیەکی کەمە، هاوکات لە ساڵی ٢٠٢١ تەنها ٪١٣.٩ کرێکارانی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەبوو، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت بەشی زۆری کرێکارانی کەرتی گشتی و تایبەت لە مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بێبەشن.