عێراق کێبڕکێی بەرهەمی خورما دەکات

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بووەتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی خورما،عێراق گەڕاوەتەوە ناو کێبڕکێی بازاڕەکانی بەرهەمی خورما لە جیهان.

ناوەندی هەواڵ

 

پسپۆڕانی بواری بەرهەمی خورما ڕایانگەیاند، عێراق خاوەندارێتی زیاتر لە ٦٠٠ جۆر بەرهەمی خورما دەکات، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند عێراق گەڕاوەتەوە بۆ ناو کێبڕکێی بازاڕەکانی بەرهەمی خورما لە جیهان.

 

لیژنەی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بووەتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی خورما، کە بەشێوەیەکی بەربڵاو دارخورمای تێدا دەچێنرێت و بڕێکی زۆر خورمای لێ بەرهەم دەهێنرێت.

 

محەمەد خەزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، ئێستا لە سەرەتای وەرزی خورماداین و بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی پار زۆر باشترە، ئەوەش بەهۆی چاککردنی رێگاکانی بەرهەمهێنان و ڕێکخستنی بازاڕی ناوخۆیی و هەناردەکردنی خورما بۆ دەرەوە لەگەڵ ڕێگریکردنی پیشوەختە لە مێرووە زیانبەخشەکانی دژ بە دار و بەرهەمی خورما.

 

وەزارەتی کشتوکاڵ لەماوەی ڕابردوودا ئاماژەی بەوەداوە، عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٦٠٠ هەزار تەن خورمای لە جۆری "زوهدی" هەناردەی وڵاتانی ئاسیا وەک هیندستان و چین کردووە، هەروەها خورمای هەناردەی ڕوسیا و وڵاتانی کەنداو کردووە بەهۆی باشی لە جۆرێتییەکەی دەتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵبگیرێت و بمێنێتەوە و ڕێژەی ٧٠٪ی کۆی گشتی بەرهەمی خورمای عێراق پێک دەهێنێت.

 

وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی دارخورماکانی عێراق لەساڵی ١٩٧٩دا ٣٢ ملیۆن بووە، بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٣دا ژمارەکەی کەمیکردووە و گەیشتووەتە ٨ بۆ ١٢ ملیۆن  دار خورما، بەهەوڵی حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ و پەرەپێدانی چاندنی خورما ئێستا عێراق بەڕێژەیی خاوەنی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دارخورمایە و ڕێژەکەشی لە زیادبووندایە.